موراد کوسەیری رۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کۆچی دوایی کرد

موراد کوسەیری رۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، کە لە وڵاتی سوید دەژیا لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد.

رۆژنامەنووس موراد کوسەیری لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، ئەڤرەنسەل و یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا و ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن دا کاری کردووە. بەهۆی نەخۆشیی (تۆمۆر) گرێی مێشک سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە نەخۆشخانەیەکی ستۆکهۆلم کۆچی دوایی کرد.

کۆسەیری ماوەیەکی دوور و درێژ لە ئەوروپا دەژیا، بەڵام لە نزیکەوە چاودێریی دۆخ و رۆژەڤەکانی وڵاتەکەی دەکرد و هەواڵ و راپۆرتی لەسەر دۆزی گەلەکەى و بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بڵاودەکردەوە.

کۆسەیری رۆژنامەنووسی سوسیالیست ساڵەهای ساڵ خۆبەخشانە کاری کرد، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە ناچار بوو ماوەیەک کارەکانی رابگرێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەڤرەنسەل، کوسەیری وەسیەتی کردووە مەراسیمی خاکسپاردنی بۆ بەڕێوەنەچێت و ئەندامەکانی جەستەى بە کەسانی تر، کە پێویستییان پێیەتی ببەخشرێت.

کوسەیری دوای کودەتای فاشیستیی ١٢ی ئەیلول لە ساڵی ١٩٨٠ دا لە تورکیا، لەلایەن رژێمی فاشیستی کەنعان ئەڤرەنەوە لەسەر دۆزی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (TKDP) خرایە ژێر لێکۆڵینەوە و دادگایکردن، بۆیە ناچاربوو وڵات بەجێبهێڵێت و روو لە دەرەوەی وڵات بکات.

ژ.ت