مەزڵوم عەبدی: گەر پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، تورکیا هیچ پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردن

فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند گەر لەنێوان پەکەکە و تورکیادا ئاشتی بێتەدی، ئەمە کاریگەری ئەرینی لە هەرێمەکەمان دەکات و گوتی: "گەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، ئەوکات تورکیا هیچ پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکەمان".

فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لەڕێگەی زوومەوە بەشداریکرد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە گرووپی ڕاگەیاندنی نەتەوەیی لە واشینگتۆن و دەربارەی ڕەوشی سوریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد.

مەزڵوم عەبدی گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ پەکەکە و گەریلاکانی پەکەکەیە. ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمەکەی ئێمە نەبوو. ئەو پەیامەی بۆ باشووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی نارد، بۆ ئێمەشی نارد".

عەبدی ڕایگەیاند پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی ئاشتی و پێشهاتێکی ئەرێنییە و گوتی، گەر سەربگرێت دیموکراسی لە تورکیا زیاتر بەرەو پێش دەچێت.

مەزڵوم عەبدی لە درێژەدا گوتی: " گەر لەنێوان پەکەکە و تورکیادا ئاشتی بێتەدی، ئەمە کاریگەری ئەرینی لە هەرێمەکەمان دەکات. گەر پرۆسەکە سەربگرێت کاریگەری ئەرێنی بۆ ئێمە دەبێت و ئەوکات تورکیا هیچ پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکەمان".