ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی شاری ئەنقەرە، لەبارەی ساڵڕۆژی دانانی قەیومەکان بۆ شارەوانی شارە گەورەکانی ئامەد، وان و مێردین، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بیناکەی ئەنجامدا.
لە ھۆڵی کۆبوونەوەکە لافیتەیەک کە لەسەری نووسرابوو "سیاسەتی قەیوم زەوتکردنی ئیرادەیە. دەستدرێژی مەکەنە سەر ئیرادەمان" ھەڵواسرابوو. ھاوکات دایکانی ئاشتی و بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەکان و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
پاکیزە سینمیلیئۆغڵو، هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئەنقەرە، لە کۆنگرەکەدا قسەی کرد و سەرنجی بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی، خوشکی سیاسەتمەداری کورد، گوڵتان کشاناک ڕاکێشا و وتی: "کشاناک ئەشکەنجە دراوە، کشاناک ئەو جۆرە ژنە نییە، کە لەبەرامبەر ستەم سەردانەوێنێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "بە سیاسەتی دیموکراتیکمان لە دژی سیاسەتی قەیومەکان تێدەکۆشین" و وتی: سیاسەتی قەیوم زەوتکردنی ئیرادەیە. ئێوە ھەرچەندەش قەیوم دەستنیشان بکەن، ئێمە دووبارە هەڵدەبژێرینەوە. ئەوانەی بە قەیوم دانراون، لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە لادەبرێن".
لای خۆشیەوە شوکران دۆغان، سەرۆکی پارتی ڕەنجی ئەنقەرە، ڕایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکەی خۆجێیی دەڕۆین و ئێوە بە بەشداریکردن لە ھەڵبژادن، وەڵامێکی بەھێز بە سیاسەتی قەیومەکان بدەنەوە.
هەروەها مونیبە کۆچ، یەکێک لە دایکانی ئاشتی قسەی کرد و وتی: ھەچەندەش قەیوم دەستنیشان بکەن گرنگ نییە، ئێمە جارێکی دیکە هاوسەرۆکانی شارەوانیمان هەڵدەبژێرین. ناتوانن ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنن. گەلی کورد بوونی هەبووە، هەیە و دەشبێت.
ژ.ن