نەورۆزی موغلا: بۆ هەبوون تێدەکۆشین

پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئیبراهیم ئاکین لە ئاهەنگی نەورۆزی ناوچەی میلاسی موغلا ڕایگەیاند تێکۆشانی کاوەی ئاسنگەر بەردوامە، گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە، ڕۆژی تێکۆشانە دژی دەسەڵاتی یەکپەرست و نەژادپەرست و دوژمنی کوردان".

ڕێکخستنی دەم پارتی ناوچەی موغلا بە درووشمی "ڕاپەڕە، کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" لە ناوچەی میلاسی موغلا ئاهەنگی نەورۆزی ڕێکخست. گۆڕەپانی ئاهەنگەکە بە ئاڵای دەم پارتی ڕازێنرایەوە و گەنجان بە جلوبەرگی هەرێمییەوە بەشداربوون و بە نیشانەی سەرکەوتنەوە گەیشتنە گۆڕەپانەکە. هاوڵاتیان هەڵپەڕکێیان کرد و درووشـمی "نەورۆز پیرۆز بێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "شەهید نامرن"یان بەرزکردەوە.

لە ئاهەنگەکەدا پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئیبراهیم ئاکین ڕایگەیاند تێکۆشانی کاوەی ئاسنگەر ئەمڕۆ لەلایەن کاوە هاوچەرخەکانەوە بەردەوامە، گوتی: "دەسەڵاتی ئەمڕۆ زۆر لە زوحاک دەچێت و دەیەوێت مافی ژیانمان پێشێل بکات، لە هەموو جێیەکی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ شەڕ، ئێمەش بەردەوامین لە تێکۆشان، ئێمە هەردەم لەگەڵ ئاشتییەکی شکۆدار بووین، دەتوانین لەگەڵ هەموو ئاشتیخوازێک بین".

تیشکی خستەسەر سەر هەڵبژاردنی هەرێمی ٣١ ی ئادار و گوتی: " ئەم هەڵبژاردنە، ڕۆژی تێکۆشانە دژی دەسەڵاتی یەکپەرست و نەژادپەرست و دوژمنی کوردان".

پاشان ئاگری نەورۆز کرایەوە.

دواتر ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.