نەورۆزی عوسمانیە: بەردەنگ و موخاتەبی پرسی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە

ئاگری نەورۆ لە عوسمانیە بە جۆش و خرۆشەوە داگیرسا. پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان لە مەراسیمەکەدا رایەگیاند، کە پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر دەکرێت.

رێکخستنی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) بە دروشمی "رابن. کات کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" لە گەڕەکی یونسئەمرەی عوسمانیە مەراسیمی پیرۆزبایی نەورۆزی سازکرد. دانیشتوانی هەرێمەلە کە لە سەرلەبەیانیەوە لە دوو خاڵەوە چوونە ناو گۆڕەپانی نەورۆز، لە گۆڕەپانەکەدا ئاهەنگیان گێڕا. بەشداربووان بە جلوبەرگی کوردیەوە هەڵپەڕکێیان سازکرد.

لە گۆڕەپانەکەدا پلاکاردی "رابن، کات کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" هەڵواسرابوو و هەروەها ئاڵاکانی دەم پارتی شەکێندرابوونەوە.

مەراسیمی پیرۆزباییەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان دەستیپێکرد. دواتر کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی عوسمانیە زیوەر گوموش قسەی کرد. گوموش دوای پیرۆزباییکردن لەگەل بە بۆنەی نەورۆزەوە دەستی بە قسەکانی کرد، پاشان سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵبژاردنی شوێنەکە و داوای لە هەموو کەس کرد کە خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن.

پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێرسین عەلی بۆزان لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و سەرنجی راکێشا بۆ سەر گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. بۆزان رایگەیاند: "ئەمرۆ لە عوسمانیە بانگەواز دەکەین، دەبێت دەستبەجێ پرسی کورد چارەسەر بکرێت. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردیش دەبێت گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی پێبهێندرێت. زیندانیانی سیاسی لەپێناو کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری مانیان لە خواردن گرتووە. هەروەها دایکان لە ئێشکگری دادپەروەریدان. ئەگەر بمانەوێت ئەم وڵاتە لەم قەیرانە ئابوریە دژوارە رزگاری بێت، دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. رێگەی چارەسەرکردنی پرسی کورد، بە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر دەبێت".

دوای وتارەکەی بۆزان و دایکانی ئاشتی بە جۆش و خرۆشەوە ئاگری نەورۆزیان داگیرساند. ئەو هاوڵاتیانەی بەدەوری ئاگری نەورۆزەوە ئاهەنگیان گێڕا، بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد.

مەراسیمەکە بە گۆرانیەکانی گولهان بیشەنگ کۆتاییهات.

هـ. ب