نوسینگەی یاسای ئاسرین لەبەر ئەوەی ماوەی ٢ ساڵە زانیارییان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش نییە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
نوسینگەی یاسا ئاسرین ڕایگەیاندووە، دواینجار زانیارییان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیی ڕێبەری گەلی کورد بۆ براکەی پێگەیشتووە، کە ئەویش لە کاتی قسەکردندا پچڕێنرا و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی یاسای ئاسریندا هاتووە:
"لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە بە هیچ شێوەیەک سەردانیان بکەین و پەیوەندیان پێوە بکەین، تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەر باری تەندروستی، دۆخی دیلبوونیان و دۆخی یاساییان نییە.
سەرباری ئەوەی پارێزەران ٢٧٤ جار و بنەماڵەکانیش ١١٨ جار داوای سەردانکردن و ئەنجامدانی دیدار، لە داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی دوورگەی ئیمرالییان کردووە، بەڵام ئەوە ٢ ساڵە ئەو داواکارییانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. هەموو داواکارییە یاسایی و ئیدارییە ناوچەییەکان تاوەکو دادگای دەستووری بێ ئەنجام بوون. دامەزراوەکانی دەزگای داد جارێکی تر بە بڕیارەکانی خۆیان ئەوەیان سەلماند، کە لەبریی پاراستنی مافی موەکیلەکانمان و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی دژ بە یاساکان و مافەکان، رێگایان دا گۆشەگیریی لە ئیمرالی لە ئاستی ئەشکەنجە و دژ بە مرۆڤبوون دا بەردەوامیی پێ بدرێت، کە ئەوەش لایەنێکی دیکەی گۆشەگیرییە.
هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالان و موەکیلەکانی تر نییە و ئەوەش بە هیچ یاسا و مافێک پاساو بۆ ناهێنرێتەو و ڕوون ناکرێتەوە. دابڕاندن لە کۆمەڵگا و جیهان، بێبەشکردن لە بەرگریی یاسایی و دیلکردنیان لە هەلومەرجی بێ چاودێریی بێ سنوور و نادیاردا، واتە ئەشکەنجەدان و کاری نامرۆڤانە و پێشێلکارییە. بۆ کۆتایهاتن بە دۆخی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمراڵی (زیندانیکردن بۆ دابڕاندنی هەمەلایەنە لە دونیای دەرەوە) سەردانی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە. کۆمیتەکەش داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بەپێی پێوەرەکان وەک مەرجی یەکەم پەسەند کرد و لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا داوای لە حکومەت کرد، کە کۆتایی بە زیندانیکردنی نایاسایی بهێنێت. بەهۆی پشتگوێ خستنی ئەم بڕیارە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا بە داوای بەپەلە، ئەو ڕێوشوێنانەی بە بیری حکومەت هێنایەوە. هەرچەندە پرۆسەکە لەسەر بنەمای سەردان و داواکاری بۆ ئەنجامدانی دیدار بەردەوامە، بەڵام لە بڕیاری سزاداندا هاتووە، کە هەلومەرجەکانی ئیمراڵی دژی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەیە و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو هەلومەرجانە بهێنرێت.
دەبێت بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان جێبەجێ بکرێن
بەڵام ئەو دەوڵەتە، کە دەڵێت، پەیوەستە بە بە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانەوە، ئامادە نییە بڕیاری یاسایی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ بکات و هەنگاوی گونجاوی بۆ نەناوە، بەربەستی بەردەم پارێزەران و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیش لانەبردووە و دەوڵەتی تورک بەردەوامیی داوە بەو دۆخی دابڕاندن تەواوەتی و ڕەهاوە. ئەو بڕیارە نێونەتەوەیانە سەبارەت بە ئۆجالان و گۆشەگیری لە ئیمرالی چەند گرنگتر بن، گوێنەدان و پشتگوێخستنیش لەلایەن دەوڵەتەوە بەو ڕادەیە نایاساییتر و سیاسی تر دەبن. ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت لە ئیمڕاڵی، سیاسەتەکانی دەوڵەت لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نیشان دەدات. بەو سیاسەتە ئەمنییە لە جیاتی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیک، لە هەموو ڕوویەکەوە قەیران و گێژاو دروست دەکات. بێگومان ئەم دۆخە لەنزیکەوە پەیوەندیی بەکێشەی کوردەوە هەیە، کە ڕەهەندی ناوچەیی و جیهانی هەیە. هەر کە بە بنبەست گەیشتن قوڵ دەبێتەوە، دۆخی گۆشەگیریش قووڵتر دەبێتەوە، بە واتایەکی تر هەتا سیستمی گۆشەگیریی ڕەها بەردەوام بێت نە کێشەی کورد چارەسەر دەبێت و نە پێشکەوتنی دیموکراتیانە پێکدێت.
بەکورتی بوونی گۆشەگیری لە ئیمرالی بە واتای وازهێنانە لە یاسا و مافەکان و دیموکراسی لە تورکیا. بێگومان ئەمە کاریگەریی دۆمینۆیەیی هەیە، کە زیانی بە بەها مادی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا دەگەیەنێت و هەم زیانیش بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەگەیەنێت.
بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە وڵاتێک و جوگرافیایەک دا بژی، پێویستە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی بهێنرێت. بەڕێز ئۆجالان دیموکراسی و یاسای جیهانی و گەردونی وەک چوارچێوەیەکی سیاسەتی بنەڕەتی پێناسەکردووە و ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
ئێمە جارێکیتر بە پێداگرییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە ماوەی ٢ ساڵە و سەرەڕای بڕیارە نێونەتەوەییەکان، دۆخی بە دەستگەیشتنی زانیاری کۆتایی پێ نەهاتوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستی و هەلومەرجی زیندانیانی دیکە نییە. ئەمە بۆ ئێمە دۆخێکی جدی و قورسە. پێویستە ئەم نیگەرانیانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن. پێویستە دەستبەجێ بڕیارەکانی کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان جێبەجێ بکرێن و هەموو ئەو مافانەی موەکیلەکانمان، کە لە پەیماننامە و رێککەوتنە یاسایی و نێونەتەوەییەکاندا هەیە، بەتایبەتی سەردانی پارێزەران مسۆگەر بکرێت. بەم هۆشیاریی و هۆشمەندی و چاوەڕوانییەوە، ئێمە ڕای گشتیی دیموکراتیک بۆ هەستیارییەکی بەرز بانگهێشت دەکەین".
ژ.ت