پارێزەر ئەسرا: تا ئەو کاتەی چارەسەری نەبێت، مانگرتنی زیندانیانیش بەردەوام دەبێت

پارێزەر ئەسرا ساچاکلیدر رایگەیاند، کە زیندانیان داوادەکەن پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر بکرێت و وتی، "تا چارەسەری نەیەتە ئاراوە، مانگرتنەکان لە خواردن بەردەوام دەبن".

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لە ١٠ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بە شێوەیەکی نۆرەیی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئەندامی کۆمسیۆنی زیندانیانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) پارێزەر ئەسرا ساچاکلیدر لەسەر دۆخی زیندانیانی مانگرتوو قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

پارێزەر ئەسرا ساچاکلیدر ئەوەی خستەڕوو کە بۆ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چالاکیەکە و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەناو زیندانەکان وەک نوسینگەی ئامەدی ئیهەدە، ئۆهەدە، مەد توهاد-فەد و توئای-دەر شاندییان پێکهێناوە و بەردەوام سەردانی زیندانەکان دەکەن.

پارێزەر ئەسرا باسی لەوەشکرد، کە راپۆرتی چاودێری و سەردانەکانیان بۆ زۆر زیندان ئامادەکردووە و وتی، "لە راپۆرتەکانماندا ئێمە بە زۆری تێشک دەخەینە سەر سزاکانی دیسپلین کە بەسەر زیندانیاندا دەسەپێندرێن. بەتایبەتی ئەو زیندانیانەی مانیان لە خواردن گرتووە لە ژوورێکی تاکەکەسیدا رادەگیرێن. شەکر، ئاو، خوێ کە پێویستن بۆ ئەو زیندانیانەی مان لە خواردن دەگرن، بۆیان دابین ناکرێت، بەو هۆیەشەوە دۆخی هەندێک لە زیندانیان دژوار بووە. ئێمە رامانگەیاند، کە دەبێت هەندێک کەس بتوانن چاودێری ئەو زیندانیانە بکەن. هەروەها پەیوەست  بە چالاکییە کۆمەڵایەتیەکانیش زیندانیان باسیان لەوەکرد کە دوای ئەوەی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بەڕێوەبەری زیندان ئاستەنگ و رێگرییان بۆ دروست کردوون. لەو زیندانانەی کە مانگرتن لە خواردنیان تێدا بەرێوەدەچێت هەمان سکاڵا دەکرێت. کاتێک هەموو ئەوانەمان هەڵسەنگاند، بینیمان کە سەپاندنی ژووری تاکەکەسی لە ئارادایە".

پشکنینی تەندروستی ئەنجام نادرێت

ئەسرا شاچاکلیدر رایگەیاند، کە هەندێک لە زیندانیان کە مانیان لە خواردن گرتووە، نەخۆشن بەڵام پشکنینی تەندروستییان بۆ ناکرێت و لەو رووە ئاماژەی بەوەکرد، کە "ئەو زیندانیانەی مانیان لە خواردن گرتووە پێیان راگەیاندووین کە پزیشکەکان پشکنینی شەکرەیان بۆ ناکەن. جگە لەوەش بۆ شکاندنی چالاکیەکە دانانی مانگرتووان لە ژووری تاکەکەسی و سەپاندنی سزای دیسپلین زیادی کردووە. هەروەها بۆ رێگری لە گەیشتنی زیانی درێژخایەن و هەمیشەیی بە مێشک و جەستەی زیندانیانی مانگرتوو، پێویستە بڕێکی دیاریکراو، خوێ، شەکر، ئاو و ڤیتامینیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی زیندان لە پێناو ناچارکردنی زیندانیان بە شکاندنی مانگرتنەکەیان، ئەو ماددانەیان بۆ دابین ناکەن و چەندین پێشێلکاری ئەنجام دەدەن.

تا چارەسەری نەیاتە ئاراوە مانگرتنەکان لە خواردن بەردەوام دەبن

ئەسرا شاچاکلیدر باسی لەوەکرد کە زیندانیانی سیاسی پێداگرن لەسەر ئەوەی تا هاتنەدی ئامانجەکەیان کە بریتیە کە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن و وتی، "وەک شاندەکەمان ئێمە بینیمان زیندانیان چەندە پێداگرن. زیندانیان دەیانەوێت پرسی کورد لە سەر بنەمایەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. دەبێت دەوڵەت بۆ چارەسەری ئەوە هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت. تا چارەسەری نەیاتە ئاراوە، چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردنیش بەردەوام دەبن".

هـ . ب