پارێزەران جارێکی دیکە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجالان داوایان پێشکەشی بەرپرسان کرد

پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەیاندا سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە بورسا کرد.

رازیە ئوزتورک، فایەق ئوزگور ئەڕۆڵ، رێزان ساریجا و جەنگیز یورەکلی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەیاندا سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە بورسا کرد.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان ساڵی ١٩٩٩ لە ئەنجامی پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکراو لەو کاتەوە لە دورگەی ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریدایە.

دوایین جار لە ٢٥ی ئازاردا محەمەد ئۆجالانی برای بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد، بەڵام بە تەنها چەند خولەکێک بوو و تەلەفۆنەکە داخرایەوە.

داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا بە پاساوی نووسینی “نەخشەڕێ”، کە ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزنامەکانی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، ڕایگەیاندبوو، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ هەموو چاوپێکەوتن و سەردانێکی پارێزەران بۆ ئیمرالی قەدەغە دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ـدا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام وێڕای ڕۆژانە سەرلێدان کردنی پارێزەران بۆ چوونە ئیمراڵی، داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن ڕەت دەکرێتەوە.

پارێزەران دوای ٨ ساڵ ڕێگریی، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ و لە دوایین جاریشدا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیبویان چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەوێت.

ف.ق