پاش ٣٠ ساڵ زیندان، تەرمی تۆزون ڕەوانەی شارەکەی کرایەوە

تەرمی موتڵەق تۆزون کە پاش ٣٠ ساڵ مانەوە لە زیندان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ڕەوانەی ناوچەی پانۆسی ئاگری کرا.

موتڵەق تۆزون کە لە زیندانی جۆری T ی مانیسا ڕادەگیرا، بەهۆی نەخۆشیی سەختەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و بڕیاری ئازادکردنی درا. تۆزون سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی پەروەردە و لیکۆڵینەوەی وان گیانی لەدەستدا. گەل لەپێش نەخۆشخانە تەرمی تۆزونیان وەرگرت.

بێجگە لە بنەماڵە و خزم و هەڤاڵەکانی، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان، کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی وان نەزلیهان شەدال و عەبدوڵا زەیدان، بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و بێسەروشوێنانی لانکەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا (مەبیا دەر) و کۆمەڵەی هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان (توای دەر) و چەندین کەس هاتنە بەردەم نەخۆشخانە و سەرەخۆشیان لە بنەماڵەکەی کرد.

لەپێناو بە خاکسپاردنی، بە کاروانێک تەرمی تۆزون گوازرایەوە بۆ شارەکەی لە ناوچەی پانۆسی ئاگری.