پائۆلۆ فێرێرۆ: چیتر ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان مەجبووریە

پائۆلۆ فێرێرۆ، عەبدوڵا ئۆجالانی لە سەرانسەری جیهان بە فەیلەسوف وەسف کرد و ڕایگەیاند، ئێستا ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان مەجبووریە. فێرێرۆ وتی: "گۆشەگیری نیشانەی ئەوەیە کە چەندە لە ئۆجالان دەترسن. دەبێت هەنگاوی ئازادی هێندەی تر گەورەتر بنێین."

زیندانی کردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی ٢٥ ساڵە بەردەوامە و لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا هیچ زانیارییەک لێی دەست نەکەوتووە. عەبدوڵا ئۆجالان، لە ژێر گۆشەگیرییەکی سەختدا ڕاگیراوە، بە تەواوی لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی بێبەش کراوە. لە لایەکی دیکەوە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) کە توانایی ئەوەی هەیە بۆ چوونە ئیمرالی و بەرپرسیارێتی لە ئیمرالی لە ئەستۆ دەگرێت، ڕێگا خۆش دەکات بۆ قووڵبوونی گۆشەگیری لە ئیمرالی.

لە لایەکی ترەوە لەبەرامبەر هەموو ئەو نادادپەروەرییانە و بێدەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، پشتیوانی ناوەندە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بۆ هەنگاوی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەر بۆ کێشەی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد، لە قۆناغی دووەمیدا گەورەتر دەبێت و بەردەوام دەبێت. چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەرامبەر گۆشەگیری ئیمرالی بە وتنی "کاتی ئازادییە" ناڕەزایەتیان دەردەبڕن و هەروەها سەرنجیان لەسەر پارادایمەکانی عەبدوڵا ئۆجالانە لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئازادی ژن و ئیکۆلۆژی بۆ داهاتووە.

سەبارەت بە گۆشەگیریی ئیمرالی و هەڵمەتی١٠ی تشرینی یەکەم و گرنگی پارادایمەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پائۆلۆ فێرێرۆی سیاسەتمەداری ئیتاڵی و وەزیری پێشووی پشتیوانی کۆمەڵایەتی قسەمان کرد.

'گۆشەگیری ئەوە نیشان دەدات کە ئەوان لە بیرۆکەکانی ئوجالان دەترسن"

پێم خۆشە لە مەرجەکانی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەست پێ بکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی 25 ساڵە لە ئیمرالی بە بارمتە ڕاگیراوە و نزیکەی 3 ساڵە هیچ زانیارییەکی لەبارەیەوە وەرنەگیراوە. چۆن بارودۆخی ئەم گۆشەگیرییە هەڵدەسەنگێنیت؟

ئەو مەرجانەی گۆشەگیری بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. دەوڵەتی تورک ئۆجالانی لە هەلومەرجێکدا کە هیچ کەسێک قبوڵی ناکات بە بارمتە گرتووە. کەس نازانێت بارودۆخی چییە. ئەم دۆخە ئەشکەنجەیەکی قورسە. هەموو ئەمانە نیشاندەری ئەوەن کە دەوڵەتی تورک لە ئۆجالان دەترسێت، چونکە ئۆجالان نەک هەر سیاسەتمەدارێکی گەورەیە، بەڵکوو توانای کۆتاییهێنانی بە تێکۆشانی چەکداری و شەڕ هەیە.

سەرەڕای ئەوەی ئۆجالان سیاسەتمەدارێکی گەورەیە، به بیرۆکه کانی نه ک ته نها بۆ کورد، به ڵکوو بۆ مرۆڤایەتیش ڕۆشنبیر و فەیلەسوفێکی گەورەیه.

کاتێک سەیری مامەڵەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ئۆجالان دەکەین، دەبینین دەوڵەتی تورکی ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان داهاتوو بۆیان گرنگ نییە. ئەردۆغان هێشتا لە چوارچێوەی ڕێبازەکانی پێشوودا مامەڵە دەکات و بەردەوامە لە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەردۆغان بە ڕوونی لە ئۆجالان و بیرۆکەکانی دەترسێت. هەر بۆیە ئەردۆغان ڕوانگەیەکی دڕندانە لە بەرامبەر ئۆجالان پەیڕەو دەکات.

'ڕەوشتی ئۆجالان و ئەنتۆنیۆ گرامسکی'

پێشتر لە وتارەکەتدا گوتوتە ئەو هەلومەرجەی عەبدوڵا ئۆجالان تێیدایە و ئەو مامەڵەیانەی بەرامبەری هاوشێوەی بارودۆخی فەیلەسوف و ڕێبەری شۆڕشگێڕی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامسکیە. چۆن وا بیر دەکەیتەوە؟

ڕاستە بارودۆخی هەردووکیان زۆر لەیەک دەچن. هەردوو ئەنتۆنیۆ گرامسکی و ئۆجالان لەسەر بیرۆکەکانیان دەستگیرکران. کاتێک گرامسکی دەستگیرکرا، دادگا داوای لێکرد بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بیر نەکاتەوە و بیرکردنەوەکانی لەناو ببات. دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ دژی ئۆجالان هەمان داواکاریی دەکات.

جیاوازییەکی تر نزیکبوونەوەی گرامسکی و ئۆجالانە بەرامبەر بە دەسەڵات. بۆیە پێویستە گرامسکی و ئۆجالان وەک فەیلەسوف پێناسە بکرێن. گرامسکی لە نێوان مێژووی ئیتالیا و داهاتووی سۆسیالیزمدا پەیوەندییەکی دروستکرد. گرامشی بابەتی سۆسیالیزمی هێنایە پێش نەک وەک یۆتۆپیایەک لە مێژووی دوور و درێژی ئیتالیادا. بەڵکوو ڕاستیەکانی ئیتالیای لەبەرچاو گرت و نیشانی دا کە چۆن دەربازی سۆسیالیزم ببێت.

'ئۆجالان بیرۆکەکانی لەسەر بنەمای مێژووی مرۆڤایەتی داناوە'

بە بڕوای من هەمان کارەکانی گرامسکی لە لایەن ئۆجالانەوە ئەنجام دراوە. ئۆجالان بە گەڕان لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا بیرۆکەکانی بۆ داهاتوو خوڵقاند و تیۆریزە کردەوە. ئۆجالان مێژووی کوردستان و مێژووی مرۆڤایەتی وەک بنەمای گۆڕین و سەر لەنوێ دروستکردنەوەی کۆمەڵگا بە بیرۆکەکانی پێشکەش کردەوە. ئەم ڕێبازانەی ئۆجالان و گرامسکی، قووڵایی و گەورەیی بیرۆکەکانیانمان بۆ دەسەلمێنێت."

بەڕای من فیدڵ کاسترۆش هەمان کاری کردووە. بیرۆکەی سۆسیالیزم بە پێی مێژووی کوبا دەستی پێکرد. گرامسکی گەڕان بەدوای گواستنەوەی سۆسیالیزمدا لە چوارچێوەی نەتەوەیی دەست پێکرد. ئەمە بە مانای ناسیۆنالیزم نییە. ئەو بە پشتبەستن بە مێژووی ئیتالیایە. ئۆجالانیش هەمان کاری کرد. مێژوو بنەمایە. ئەمەش بەشدارییەکانیان لە کۆمەڵگادا نیشان دەدات.

ئەمڕۆ لەبەردەم زۆر گرفتی سیستەمی سەرمایەدارین. بێ گومان شەڕ و قەیرانی ئابووری، برسێتی و هەژاری و نایەکسانی لە زۆر شوێنی جیهان ئەم کێشانەی خوڵقاندووە. تا ئەمڕۆش بەدیلێکی بەهێزمان بۆ ئەمە نەدۆزیوەتەوە. دەتەوێت دەربارەی گرنگی بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانانەی سیستەمی سەرمایەداری چی بڵێیت؟

سەرمایەداری لە هەڵکشاندایە و بووەتە هۆی دەوڵەمەندی گەورەی ئابووری لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم سامانە گەورەیە بە خراپ بەسەر جیهاندا دابەشکراوە و بەڕێوەدەچێت. بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا هەژارن، بەشێکی کەمیش دەستیان بەم سامانە گەیشتووە و بەپێی خواستی خۆیان ژیانێکیان بنیات ناوە.

لە لایەکی ترەوە سەرمایەداری بە خوڵقاندنی ئەم سامانەی، ژینگە و سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وێران کرد. واتە کۆمەڵگا و سرووشتی وێران کرد. بە واتایەکی تر ئێمە ئەمڕۆ لە دەرەوەی سەرمایەداریدا ڕووبەڕووی کێشە بووینەتەوە. واتە ئێمە ڕووبەڕووی ئەو کێشانەین کە بۆ مرۆڤایەتی بوونەتە هەڕەشە.

دەتوانین بڵێین ئەمە گەورەترین کێشەی جیهانی ئەم سەردەمەیە. ئەم پرسە بۆ ئێمەش بۆتەکێشەیەکی گەورە، چونکە دەرئەنجامەکانی لەوە زیاترە بۆ مرۆڤایەتی و زۆر جددی دەبێت و توانای ئێمە بۆ پەرەپێدانی ئەڵتەرناتیڤێک دژی ئەمە نابێت.

'ئۆجالان ڕێگاچارەمان پیشان دەدات'

لە بەرامبەر ئەو کێشانەدا ئۆجالان نیشانمان دەدات کە چۆن دژی سەرمایەداری بوەستینەوە. بۆ نمونە ژن دەخاتە ناوەند و نیشان دەدات کە چۆن سیستەم و کۆمەڵگایەکی نوێ بە پێشەنگایەتی ئەواندا بنیات دەنرێت.

لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی خۆسەری کۆمەڵگاکان، پێشنیاری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەکات. واتە ئەمە بە مانای دروستکردنی هێزێکی نوێی دەوڵەت لە دژی دەسەڵاتی دەوڵەت نەتەوەکان نییە؛ لەسەر بنەمای تاک، کۆمەڵگا و کۆمەڵگای مەدەنی دامەزراوە، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ کۆمەڵایەتی بەڕێکخستن دەکات و دەیپارێزێت.

' لە سەدەی ٢١دا ئۆجالان ڕێگای سۆسیالیزم پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکات'

لەم سیستەمەدا، هەموو مرۆڤەکان، ئایینەکان شوێنێک بۆ خۆیان دەناسنەوە. بۆیە پارادایمێکە ئۆجالان پێشکەشی کردووە نەک هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ ئێمە و هەموو مرۆڤایەتی گرنگە. لەسەر بنەمای ئەمەش باوەڕم وایە ئۆجالان لە سەدەی ٢١دا ڕێگای سۆسیالیزمی نیشان داوین. بەم مانایە جارێکی تر دەڵێم؛  پێم وایە بیرۆکەکانی ئۆجالان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو بزووتنەوانەی بنەمای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بۆیان گرنگە، ڕێنمایی گرنگن.

ڕۆڵی ئیتالیا لە پیلانگێڕیدا

بەو پێیەی تۆ سیاسەتمەدارێکی ئیتاڵیت، منیش دەمەوێت بپرسم. وەک دەزانن ئۆجالان پێش ئەوەی بگیرێت لە ئیتاڵیا ماوەتەوە. ئەو پرۆسەیەی کە بە کۆچکردن لە ڕۆماوە دەستی پێکرد لە کینیا کۆتایی هات. لەسەر ڕۆڵی ئیتاڵیا و حکومەتەکەی ماسیمۆ دالێما لە گرتنی ئۆجالان چی دەڵێیت ؟

بەڕای من ڕێبازی حکوومەتی دالێما لەو کاتەدا زۆر نەرێنی بوو. ئۆجالان لە ماوەی مانەوەی لە ئیتالیا بە ڕوونی مافی پەنابەری سیاسی هەبوو. دەکرا مافی مانەوەی لە ئیتاڵیا بدرێتێ. لەو کاتەدا حکوومەتەکەی دالێما ترسی ئەوەی هەبوو ئۆجالان لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە و نەیتوانی دژایەتی داواکارییەکانی ئەمریکا و تورکیا بکات. بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە ئۆجالان ناچار بوو ڕۆما بەجێبهێڵێت و ئەو پرۆسەیەی کە دواتر بووە هۆی گرتنی ڕوویدا. بۆیە دەتوانین بڵێین حکوومەتەکەی دالێما ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە گرتنی ئۆجالان؛ چونکە بە جدیی نەیگوت ئۆجالان مافی پەنابەری سیاسی هەیە لە ئیتالیا و لە دژی داواکارییەکان نەوەستایەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە، وەک هاووڵاتیانی ئیتالیا، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ئۆجالان؛ چونکە ئۆجالان ئەمڕۆ بەهۆی حکومەتی ئێمەوە لە زینداندایە.

'چاپەمەنی ڕۆژئاوا دەترسێت لەسەر ئۆجالان بنووسێت'

کۆمیتەی دژی ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە هۆی مەرجی گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان هەوڵدانێک ناکەن. چۆن بێدەنگی ئەوروپا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر گۆشەگیریی ئیمرالی هەڵدەسەنگێنن؟

ئێمە لە کاتێکی وەهاداین کە ئەوروپا هەموو بەهاکانی لەدەستداوە. لە هەموو شوێنێکی جیهان شەڕ هەیە، چونکە ئەمریکا بڕیار لەسەر ئەم شەڕانە دەدات. ئەوروپا لە زۆر بابەتدا دوو شێوازی سیاسەتی هەیە. لە لایەکەوە هیچ ناڵێت سەبارەت بە دۆخی ئۆجالان کە لەژێر ئەشکەنجەدایە و لە لایەکی ترەوە کاتێک شتێک لە ئەوروپا یان ڕۆژئاوا پەرەی سەند، مافی ئەوە بە خۆی دەدات قسە بکات.

زۆربەی میدیاکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا کە لەسەدا ٨٠ بۆ ٨٥ لەژێر کاریگەری حکومەتی ئێستادان. میدیای سەربەخۆ نییە. ناتوانێ ئەوەی دەبینرێت و باس دەکرێت بنووسێت. جگە لەوەش دەترسن باسی ئەو بارودۆخی ئۆجالان بکەن. لە بارەی دۆخی ئۆجالانەوە هیچ ناڵێن، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و ئیتالیایە. ئەمانە نەوەی شۆڕشی فەرەنسا نین، بەڵکوو نەوەی سیستەمی سەرمایەدارین کە هەموو شتێکی بەگوێرەی خۆی تێکداوە و باسی ئازادی دەکەن، بەڵام بۆ ئازادیی هەمووان تێکۆشان ناکەن.

'ئەردۆغان وەک مافیایەک لە سەر دەرگای ئەوروپا ڕاوەستاوە'

لە لایەکی ترەوە تورکیا لە دۆخێکدایە کە ڕێگا بۆ پەنابەران بەرەو ئەوروپا دەکاتەوە. ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات و دەڵێت "ئەگەر پارە نەدەن و ئەوەی من دەمەوێت ئەنجامی نەدەن، دەرگاکان دەکەمەوە و پەنابەرتان بۆ دەنێرم".ئەردۆغان وەک مافیایەک پەنابەران وەک چەکێک لەدژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بە داوای "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەستیپێکرد و ئێوەش لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەن. دەربارەی گرنگی ئەم هەڵمەتە کە لە قۆناغی دووەمی خۆیدا بەردەوامە. هەروەها پێویستە چی بکرێت ئێوە چی دەڵێن؟

بۆ ئەوەی سەرنجی گەل بۆ هەلومەرجی ئۆجالان ڕابکێشین، پێویستە هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری دەست پێبکەین. من باسی هەڵمەتێکی سۆزداری دەکەم کە تەنانەت لە ئێستاوە پەرەی سەندووە. بەڕای من لەو کارانەی تا ئێستا کردوومانە کەموکوڕی هەیە. پێیان وایە ئەم هەڵمەتە تەنها لە پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە نزیکی ئۆجالانن و لەم ژینگەیەدا ئەنجام دەدرێت. بە پێی بۆچوونی من دەبێ بتوانین هەموو مرۆڤەکان بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەین.

بەڕای من بۆ ئازادی ئۆجالان پێویستە بزووتنەوەی ئێستای ئەوروپا زیاتر فراوانتر بکەین و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەم هەڵمەتەدا بەشدار بکەین. بۆیە بۆ ئازادی ئۆجالان پێویستە نەک تەنها بزووتنەوە چەپەکان، بەڵکوو بزووتنەوە دیموکراتیکەکان فراوانتر بەشداری دژایەتی مەرجەکانی گۆشەگیری و ڕاگرتنی ئۆجالان بکەین.

ئەوەی کە ئۆجەلان لە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و چەند ساڵێکە لەبارەیەوە هیچ زانیاریەک نادرێت، لەلایەن هیچ کەسەوە قبوڵکراو نییە. هەر بۆیە دەبێت هەنگاوێکی فراوانتر بنێین. ئەمە ئەرکی سەرەکی هەموومانە. کێشەی کورد و دۆخی ئۆجالان لە کارنامەی لایەنێکی تایبەت دوور بخرێتەوە و بگاتە بەشە جیاوازەکانی جیهان. هەروەک چۆن بارودۆخی ئەمڕۆی گەلی فەلەستین کە لە ڕۆژەڤی هەموواندایە، کێشەی کوردیش دەبێ لە ڕۆژەڤی هەموواندا بێت.

'ئازادی چیتر بۆ ئۆجالان ئیجباریە'

ئایا شتێکی تر هەیە کە بتەوێت باسی بکەیت؟

قبوڵ ناکرێت کەسێک نیوەی تەمەنی لە زینداندا بەسەر ببات. هیچ هۆکارێک نییە بۆ پاساوهێنانەوەی ئەمە. بۆیە زۆر گرنگە ئۆجالان ئازاد بکرێت و چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی گەلی کورد بدۆزرێتەوە. چونکە تاکە ڕێگا بۆ ژیان بە ئاشتی لە دونیادا، ڕێزگرتنە لە بوون و مافی مرۆڤەکانی تر لە هەموو شوێنێکدا.

ڕۆڵی ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد زۆر گرنگە. چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کورد و ژیان لەگەڵ گەلانی دیکە مافێکی یەکسانە. چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ئۆجالان دەکرێت. تاکە چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد، بە ڕێباز و بیرۆکەکانی ئۆجالان دێتە ئاراوە.