پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شاری ئامەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شاری ئامەد دەربارەی کۆبوونەوەکەی لە ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شاری ئامەد دەربارەی کۆبوونەوەکەی لە ئەنقەرە لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورد ڕاگەیاندراوێکی دا. هاووتەبێژی پلاتفۆرمەکە و سەرۆکی نووسینگەی یاسایی ئامەد عەبدولقادر گولەچ دەربارەی کۆبوونەوەکە زانیاری دا.

گولەچ ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەنجامداوە. گولەچ هەروەها ڕایگەیاند کە پێویستە پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی "پرۆسەی نوێ" سەربکەوێت، ئەوانیش وەک زۆرێک لە نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکانی ئەنقەرەدا کردووە.

پاشان سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی خاوەنکاری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، ئۆزلەم کولاهچی تانامان لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، دەربارەی کۆبوونەوەکان لە پەرلەمان لەنێوان ٢٧_٢٨ ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، گوتی:

"*ئێمە بەدواداچوون و پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەکەین.

* لە ئامەد و شارەکانی دەوروبەری داخوازی جددی و چاوەڕوانی گەورە هەیە سەبارەت بە بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام.

* پرۆسەکە دەبێت دوور بێت لە مەترسی سیاسی و لەسەر بناغەی مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ بەڕێوەبچێت.

*ئەو یاسایەی کە ڕێگە بە دانانی قەیوم دەدات هەڵبوەشێتەوە.

* دەبێت کۆتایی بەو گرتن و دەستبەسەرکردنانە بهێنرێت کە ڕێگری لە سیاسەتی دیموکراتیک دەکەن.

* هەمواری یاسایی بکرێت بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی دایک لە بوارەکانی پەروەردە و ڕای گشتی.

*دەبێت دەستبەجێ کار بۆ دەستوورێکی مەدەنی و دیموکراتیک بکرێت.

* پێویستە هەبوونی گەلی کورد لە سوریا پەیوەست بە پرۆسەی نوێی پاش ڕووخانی ئەسەد قبووڵ بکرێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوەستێنرێت.

* پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم بەجێگەیاندنی بڕیاری پێشێلکردنی دادگای دەستووری و دادگای مافەکانی مرۆڤ هەڵبگیرێن و کاربکرێت تاوەکو هەموو موخاتەبەکان کار بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بکەن".