پۆلیس هێرش دەکاتە سەر چالاکیی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی سێواس

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی سێواس، لە ئیستەنبوڵ ساری گازی چالاکییەک ڕێکخرا و پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکوانەکان.

بەبۆنەی یادی ٣٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی سێواس‌ەوە، کۆمیتەی ئامادەکاری ساری گازی چالاکییەکی ئەنجامدا، پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکییەکە لە شەقامی دیموکراتی، بە پاساوی بەرزکردنەوەی وێنەی شۆڕشگێڕی پێشەنگ ئیبراهیم کایپاک کایا، شەش چالاکوان دەستگیرکران، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ئاسایشی ئیستەنبوڵ حەنیفی زەنگین هەڕەشەی لە چالاکوانان کرد و گوتی: "کەستان قسەیەکی هەیە بۆ گوتن؟".

پۆلیس بەشداربووانی گەمارۆدا و ڕێگەنەدرا ڕاگەیاندنەکان ڕوماڵی چالاکییەکە بکەن، هەروەها ڕۆژنامەوان عومەر ئۆرمان لەکاتی وێنەگرتن دەستگیرکرا.