پۆلیسی ئەڵمانیا ئاهەنگی گەنجانی کوردی هەڵوەشاندەوە

ئاهەنگی گەنجانی کورد، کە بڕیاربوو لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتیی تەجەشە و تێکۆ-ژن بەڕێوەبچێت، لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە هەڵوەشایەوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە / TCŞ) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆ- ژن / TÊKO-JIN) لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا ئاهەنگێک رێکبخەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە بەڵگەنامەیەکیان بە ناوی "نابێت چالاکی ئەنجام بدرێت" بۆ رۆیشت.

دوای ئەوەی ئاهەنگەکە لەلایەن پۆلیسەوە قەدەغە کرا بە ناوی تەجەشە و تێکۆ-ژن ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی تەجەشە و تێکۆ-ژن دا هاتووە: "ئێمە گەنجانی کورد لە هەر کوێیەک بین مافی ئەوەمان هەیە، مێژوو و کلتور و واقیعی خۆمان بپارێزین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بە چالاکییەکانیان دەوڵەتە ئەوروپییەکان ریسوا دەکەن و راشیانگەیاندووە، "ئێمە تەسلیمی ئەو بێ یاسایی و نادادپەروەرییە نابین. هەموو شوێنێک بۆ ئێمە گۆڕەپانی بەرخۆدانە. داوا لە گەلەکەمان و گەنجانی وڵاتپارێزمان دەکەین، کە بڕژێنە سەر شەقامەکان".

ئەوەشیان ڕاگەیاند، هەرگیز دەستبەرداری خۆیان و ڕێبازەکەیان نابن، هەرگیز دەستیش لە رێبەرایەتی و کوردستان هەڵناگرن.

ژ.ت