پرۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن یەکێک لە بەشداربووانی کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە لە دژی قەدەغەی سەر پەکەکە، مامۆستای بەشی راگەیاندن، کۆمەڵگا و کارگێڕی لە قوتابخانەی راهێنانی کۆپنهاگنە. پرۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن باسی لە تەم و مژاوی بوونی پێناسەى "تیرۆریزم" کرد و رایگەیاند، ئەو تەم و مژاوی بوونە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بە شێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنرێت.
پرۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "پێناسەنەکردنی روون و بێ پێناسە هێشتنەوەی تیرۆر، دەبێتە هۆی ئەوە حکومەتەکان ئەو ناو لێنانە بە پێی دڵی خۆیان بەکار بهێنن. هەرچەندە توندوتیژیی رووخێنەرانە لە دژی دەوڵەتەکان بە 'تیرۆریزم' پێناسە دەکرێت، بەڵام ئەو شێوازە دەبێتە هۆی ئەوە، کە توندوتیژییەکانی دەوڵەت دژی هاوڵاتیان بە 'تیرۆری دەوڵەت' پێناسە نەکرێت".
پرۆفیسۆر دکتۆر فلیپسۆن توندوتیژیی ساڵەهای ساڵی دەوڵەتی تورک لە دژی کورد بە "تیرۆری دەوڵەت" پێناسە کرد و تاوانبارکردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردی شوبهاند بە رەفتارەکانی دژ بە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور، کە لە دژی ڕژێمی ئاپارتاید (رژێمی جیاکاریی رەگەزپەرست) تێدەکۆشا.
پڕۆفیسۆر دکتۆر فلیپسۆن وتی: "ماندێلا لە بەر ئەوەى پشتیوانیی لە بەرخودانی چەکداری دەکرد، لەلایەن حکومەتە پشتیوانەکانی سیستمی نەژادپەرستییەوە بە 'تیرۆر' تاوانبار کرابوو، بەڵام هەر ئەوەندەی لە ئەفریقای باشوور سیستەمی دەسەڵات و هێز لاواز بوو، ئیدی پێویستی بە چارەسەری و دانوستاندن قبوڵ کرا. ئیدی لەو کاتەدا ماندێلا و کۆنگرەی نەتەەیی ئەفریقای باشور وەک 'تیرۆریست' سەیری نەدەکران".
دەبێت سەردەستە زاڵەکان بهەژێنرێن
پرۆفیسۆر دکتۆر ڕۆبێرت فلیپسۆن ڕایگەیاند، دەبێت دەوڵەتی تورک بهەژێنرێت تاوەکو وەک ڕژێمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور لە دەوری مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و وتی: "تاوەکو دەسەڵات و هێزی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە زیاتر بکات، چاوەڕێ ناکرێت لەگەڵ پەکەکە لە سەر مێزی دانوستان دانیشت، بۆیە ناساندنی پەکەکە وەک 'ڕێکخستنێکی ناتیرۆریستی' پەیوەستە بە حکومەتێک، یان یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ دانوستان. هەتا لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیادا پەیوەندی ئاڵۆز و لێڵ هەبێت، دانوستان و بە تیرۆریست نەزانینی پەکەکە قورس دەبێت".
ژ.ت