پشتگیری پارێزەران بۆ بنەماڵەی شەنیاشار ڕێگەی لێ گیرا

پارێزەران بۆ پشتیوانی بنەماڵەی شەنیاشار چوونە بەردەم وەزارەتی داد، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگەیان لێ گیرا.

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. بنەماڵەکە ئێشکگرییەکەی خۆیان لە ڕحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئێشکگرییەکە لە ٣٥ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە. بنەماڵەی شەنیاشار پێش چوونە بەردەم وەزارەت ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

ئامینە شەنیاشار لەبەر پرسی تەندروستی بە کورسی گەڕۆک هاتە چالاکییەکە، کوڕەکەی، فەرید شەنیاشار تابلۆیەکی هەڵگرتبوو کە لەسەری نوسراوە "دادپەروەری". لەبەردەم مەجیلسی دیکمەنەوە بەرەو وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد. پۆلیس جارێکی تر نەیانهێشت بنەماڵەی شەنیاشار بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەت. پارێزەرانی ئەندامی مافناسانی هەمدەم، ویستیان بۆ پشتگیری بنەماڵەی شەنیاشار بچنە پێش وەزارەت. بەڵام پۆلیسەکان نەیانهێشت بێنە بەردەم وەزارەت و بە زۆرەملێ پارێزەرەکانیان دوورخستەوە.