ڕێپێوانی درێژی ٢٦ ڕۆژە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە ٢١ ی کانوونی دووەم لە شاری لۆرێنتی فەرەنسا دەستی پێ کرد، لە ڕۆژی ١٨ هەمیندا بەردەوامە. ڕێپێوانکەران لە شاری ئامیان لەگەڵ کوردستانیان و دۆستەکانیان کۆبوونەوە، جەماوەر بە بەرزکردنەوەی درووشم و هەڵپەڕکێ درێژەیان بە ڕێپێوان دا.
چالاکوانانی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. بڵاوکراوە دەربارەی ئامانجی ڕێپێوانەکە دابەشکرا.
ڕێپێوانەکە لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ئامیان کۆتایی هات و ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. ڕاگەیاندرا ئامانجی چالاکییەکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، گوترا: "١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ کۆتایی بە چالاکییەکەمان دەهێنین. ١٥ ی شوبات بۆ گەلی کورد وەک "ڕۆژی ڕەش" دەبینرێت. باوەڕمان وایە، ١٥ ی شوباتی ئەمساڵ لە ستراسبۆرگ دەبێتە سەرەتای ڕۆژانی ڕووناک. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی مێژوویی دەکات. لە ١٥ ی شوباتدا، ستراسبۆرگ چاوەڕێی گەلی کورد و دۆستەکانمان دەبێت".