"پێویستە تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات"

نوێنەری تایبەتی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا ستێفان شێناچ سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تورکیا راپۆرتێکی ئامادەکرد. تیادا ئەوە خراوەتەڕوو، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی گۆشەگیری، دەبێت رێکاری بەپەلە بگیرێنەبەر.

یەک لە ریپۆرتەران و نوێنەرانی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا، ستێفان شێناچ سەبارەت بە سەردانەکەی ١١-١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ تورکیا راپۆرتێکی ئامادەکرد. لە راپۆرتەکەدا کە لەلایەن شێناچ و جیل مۆرتیمەرەوە ئامادەکراوە، باس لە هەلومەرجی گۆشەگیری لەسەر رێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کراوە.

لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتەسەر گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان

لە راپۆرتەکەدا پەیوەست بە گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان هاتووە، "لەبارەی دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە ئێستا لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا زیندانییە، من ئاگادارکرامەوە. لە ئاداری ٢٠٢٠ەوە هیچ کەسێک لە کەسوکار و خزمەکانی نەیانتوانیوە سەردانی بکەن و کۆتا جار لە ئاداری ٢٠٢١ەوە بە تەلەفون لەگەڵ براکەیدا قسەی کردووە. لە ئابی ٢٠١٩ەشەوە پارێزەران نەیانتوانیوە بیبینن".

٥ راپۆرتی سی پی تی بڵاونەکراونەتەوە

لە راپۆرتەکەدا هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ٥ راپۆرتی کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجە سی پی تی لەبەر ئەوەی کاربەدەستان رێگەیان نەداوە، بڵاونەکراونەتەوە.

زیندان و هەلومەرجی راگرتن

لە راپۆرتەکەدا چاودێری لەسەر زیندان و هەلومەرجی زیندان لە تورکیا ئاماژەی پێدراوە و نیگەرانیەکان دەربارەی قەرەباڵغی ناو زیندانەکان و سزای زیندانی ماوەدرێژ و ماوەی راگرتن هەڵسەنگێندراون.

لە راپۆرتەکەدا بە بە بەرفراوانی ئاماژە بە دۆخی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا دراوە کە بە هۆی دۆسیەی پارکی گەزیەوە لە زیندانە، نیگەرانی لەبارەی دۆخی زیندانیانی نەخۆش خراوەتەڕوو.

لە راپۆرتەکەدا هەروەها دەستنیشانکراوە، کە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تورکیا پەیامی 'سازش نەکردن بەرامبەر ئەشکەنجە'یان داوە، بەڵام لە ساڵانی دواییدا لە کاتی دەستبەسەرکردنی کەسەکان لە لایەن پۆلیسەوە و هەروەها لە زیندانەکان ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ زیادی کردووە و وتیان تورکیا بەرەوپێشچوونەکانی خۆی لەو بوارەدا سەروبن کردووە. لە راپۆرتەکەدا ئاوڕ لە دۆسیەکانی مردن لە زیندانەکانی جۆری ئێفیش دراوەتەوە.

دەبێت تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکان مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات

لە رپۆرتەکەدا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کە لەلایەن تورکیاوە جێبەجێنەکراون بە بیرهێنراونەتەوە و ئەوەخراوەتەڕوو کە ئەو بریارانەی پەیوەستن بە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن، پێشێلکردنی ئازادی گردبوونەوە و کاری رێکخراوەیی، پێشێلکردنی ئازادی بیر و ڕا، ئایین و باوەڕ، کارەکانی دادوەری، بێکاریگەری لێپرسینەوە دەربارەی کردەوەکانی هێزە ئەمنییەکان، قوتاربوون لە سزا و توندوتیژی ناوخێزانن.

نوێنەرانی ئەنجومەنی پەرلەمانتاانی کۆنسەی ئەوروپا لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەنقەرە جەختیان لەوەکردووەتەوە کە جێبەجێکردنی بریارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە بەرامبەر پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و داوایان لە کاربەدەستانی تورک کرد کە دەستبەجێ ئەو بڕیارانە پەیوەست بە دەمیرتاش و کاڤالا جێبەجێ بکەن.

لە راپۆرتەکەدا زەوتکردنی ئیرادەش ئاماژەی پێدراوە

ریپۆرتەران پەیوەست بە سیاسەتی زەوتکردنی شارەوانییەکانی هەدەپە و دەم پارتیش هەڵسەنگاندنیان خستووەتەڕوو و باسیان لەوەکردووە کە لە سەرجەم دیدارەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە ئەو بابەتەیان ئاماژە پێکردووە.