رێکخراوە یاساییە نێونەتەوەییەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا باسیان لەوەکرد، کە ئەو هەواڵانەی لەسەر بەکارهێنانی گازی کیمیایی بڵاودەبنەوە مایەی ترس و نیگەرانین و ناڕەزایەتیان نیشاندا بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی داوایان کردبوو لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەوبارەوە بڵاوبوونەوە مایەی بیگەرانین کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق گولـلەی گاز کە چاو دەسوتێنن، بەکاردەهێنرێن. ئەو گازانە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (سی دەبڵیو سی) دا لە لیستی کیمیایی قەدەغەکراودا دانراون".
بە لێپرسینەوەیەکی سەربەخۆ دەتوانرێت ئاشکرا بکرێت
راگەیەندراوەکە بەم جۆرە درێژەی پێدراوە: "بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، وەزیری بەرگری نکۆڵی نەکردووە کە سوپای تورک لە هەرێمی کوردستانی عێراق گازی سوتێنەری چاو (فرمێسکڕێژ)یان بەکارهێناوە، هەر بۆیە بابەتەکە شایەنی لێپرسینەوەیەکی سەربەخۆیە بۆ ئەوەی ئاشکرا بکرێت کە تورکیا ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی کە پەسەندی کردوون پێشێل کردووە یان نا. تورکیا دەوڵەتێکە کە سی دەبڵیو سی واژۆ کردووە، بەڵام لایەنێکی ستاتۆی رۆما نییە.
هەر بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی داوایان کردووە بابەتی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و سوتێنەری چاو لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێپرسینەوەی لەبارەوە بکرێت. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانی مرۆڤە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی باس لەو دۆخە دەکەن بخرێنە ژێر لێپرسینەوەوە.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادیخواز (ئۆهەدە) پارێزەر ئاریەن توران لەبەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی گشتی سەندیکای ئیزمیردا داوای کرد بابەتی بەکارهێنانی کیمیایی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت، لە رێگەی کەناڵە جیاجیا میدیاییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە هەڕەشەی لێکرا و کەوتەبەر لێپرسینەوەوە. دواتر ئاریەن توران دەستگیرکرا، بە سزای قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوە ئازاد کرا.
رۆژنامەوانان و فینجانجی دەستگیرکران
هەروەها ١١ رۆژنامەوان کە بانگەشە و زانیارییە جیاجیاکانیان لەسەر بەکارهێنانی مادەی کیمیایی لە لایەن هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردبووەوە، سەرلەبەیانی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە ماڵ و شوێنی کارەکانیان لە هەڵکوتانەسەردا دەستگیرکران و ١٠ رۆژنامەوان زیندانی کران. داواکاری گشتی دیمەنی دەستگیرکردنی بێریڤان ئاڵتان و دەنیز نازلمی بڵاوکردەوە کە لە دواوە دەستیان کەلەپچەکرابوو.
دوای ئەو رووداوە، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک پ.د. شەبنەم کۆرور فینجانجی کە پسپۆرێکی پزیشکی دادە لە تورکیا، لەبەر ئەوەی لە کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکاندا وتی، دەبێت لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت، سەرەتا لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتەوە کرایە ئامانج، دواتریش لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە سوکایەتی پێکرا و دواجاریش لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا لە سەرلەبەیانیدا لە هەڵکوتانە سەرماڵەکەیدا دەستگیرکرا. دەسەڵاتی دادوەری لە لێپرسینەوەکەدا بڕیاریدا کە فینانجی بە شێوەی دەستبەسەرکراو دادگایی بکرێت.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) دامەزراوەی جێبەجێکردنی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایییە. هەربۆیە یەکەم هەنگاو کە پێویستە بنرێت ئەوەیە کە ئۆ پی سی دەبڵیو دەست بە لێپرسینەوەیەکی فەرمی بکات. بۆ ئەوەش دەبێت دەوڵەتێکی ئەندام لە ئۆ پی سی دەبڵیو داواکاری بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکات.
دەبێت سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لێپرسینەوە بکات
هەربۆیە دەوڵەتانی ئەندامی ئۆ پی سی دەبڵیو:
-دەبێت رێگە بۆ ئەوە بکەنەوە کە ئۆ پی سی دەبڵیو بە شاندێکی سەربەخۆ لێپرسینەوە بکات.
- سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەمەبەستی لێپرسینەوە لە بانگەشەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یا خود بایۆلۆژی رێکاری تایبەت بگرێتەبەر و داوای لێپرسینەوە بکات.
-هەروەها دەبێت کۆماری تورکیا کۆتایی بە گوشار بۆ سەر رێکخراوە مەدەنی، رۆژنامەوانان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بهێنێت کە داوای لێکۆڵینەویەکی بەم جۆرەیان کردووە.
-هەروەها دەبێت د. شەبنەم کۆرور فینجانجی و رۆژنامەوانی زیندانیکراو دەستبەجێ ئازاد بکرێن".
ئەوانەی راگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە:
"کۆمەڵەی یاساناسانی ئەمریکا (ئەی ئەی جەی)
کۆمەڵەی بەدواداچوونی مافەکانی پارێزەران، کەنەدا (ئێڵ ئاڕ دەبڵیو جی)
پارێزەرانی دیموکراتی ئەوروپا (ئەی ئی دی)
کۆمەڵەی یاساناسانی هاوچەرخ (چەهەدە)
ناوەندی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی دیموکراسی/ گروپی دەستوەردانی یاسایی نێونەتەوەیی (کرێد. گی گی)
کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەوروپی لە پێناو مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ و دیموکراسی (ئی ئێڵ دی ئێچ)
کۆمەڵەی یاساناسانی نێونەتەوەیی و دیموکراسی (ماف-داد)
یەکێتی نەتەوەیی پارێزەرانی گەل (نوپەل) فیلیپین
کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)
یەکێتی یاساناسانی دیموکراتیی نەتەوەیی، ئیتاڵیا (جی دی).
هـ . ب