رۆژنامەنووسان Marlene Forster و Matej Kavcîc لە ٢٠ی نیسانەوە دەستگیرکراون.
هەردوو رۆژنامەنووسەکە بۆ رۆماڵکردنی دۆخی شەنگال سەردانی هەرێمەکەیان کردبوو و کاتێک لە مەراسیمی چوارشەممەی سەری نیسان دەگەڕانەوە، لە بازگەیەکی سوپای عێراقدا دەستگیرکران.
هەردوو رۆژنامەنووسەکە ١٠ رۆژە لە زینداندا و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
Lydîa Forster دایکی Marlene Forster بەشداری لە بەرنامەی چرا راپۆرتی کەناڵی چرا تی ڤی کرد.
Lydîa Forster لەسەر دۆخی کچەکەی نامەیەکی بۆ زۆر پارتی ئەڵمانیا و وەزارەتی دەرەوە ناردووە و داوای کردووە بۆ ئازادی کچەکەی دەست بە هەوڵەکانیان بکەن.
Lydîa Forster رایگەیاند، باڵیۆزخانەی باڵای ئەڵمانیا لە عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە وڵامی داوەتەوە و رایگەیاندووە کە کچەکەی لەگەڵ رۆژنامەنوسی هاوڕێیدا لە زیندانی هەواڵگری بەغدادایە.
بەپێی زانیاریەکان Lydîa Forster ئاماژەی بەوەکردووە کە کچەکەی بەهۆی فشار و هەڵوێستی خراپی حکومەتی عێراق، ٣ رۆژە دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.
هەروەها باسی ئەوەکراوە کە هەردوو رۆژنامەنووسەکە لە زیندانی تاکەکەسیدان.
Lydîa Forster رایگەیاند، دۆخی کچەکەی باش نییە و داوای کرد کچەکەی و هاوڕێ رۆژنامەنووسەکەی ئازاد بکرێن.
هەردوو رۆژنامەنووسەکە لە شەنگال لەگەڵ ژمارەیەک دەزگا و ناوەندی شەنگال چاوپێکەوتنیان ئەنجامدابوو، بۆ ئەوەی دۆخی شەنگال بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.
دەزگای کەلتور و هونەر و تەندروستی شەنگالیش یەکێک لەو ناوەندانە بوون کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرابوو.
شۆڕش شەنگالی و تەحسین شەنگالیش ئەندامانی ئەو دەزگایانە داوایان کردبوو، رۆژنامەنووسان بە زوترین کات ئازاد بکرێن.
ف.ق