لە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢١دا ٧ ئەندامی بنەماڵەی دەدۆگولاری لە هێرشێکی نەژادپەرستانە لە ناوچەی مەرامی قۆنیا کوژران. هیچ پێشکەوتنێک لە کەیسەکەدا نییە. هەرچەندە بەڵگەکانیش ئاشکرابوون، بەڵام هێرشبەرەکان لەژێر چاودێری و پاراستنی دەوڵەتدان.
ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرەستی لەسەر بنەمای سیاسەتی دەوڵەت و پشتبەستوو بە نکۆڵیکردن و قڕکردن و سڕینەوە لە دژی گەلی کورد بووە بە 'هێرشی مەدەنی'. کولتوور، زمان و ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە بێت دەبێتە ئامانجی هێرشی ڕەگەزپەرستی. زۆر کەس تەنیا لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەیان دەکرد، یان بە کورد ناسرابوون هێرشیان کرایە سەر، یان دەستگیر و زیندانیکران. لەم دواییانەشدا هێرش کرایە سەر بنەماڵەی دەدۆگولاری.
لە هێرشی نەژادپەرەستیی ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢١دا بۆ سەر بنەماڵەی دەدۆگولاری لە ناوچەی مەرام لە پارێزگای قۆنیا ٧ کەسی ئەو بنەماڵەیە کوژران، کە ٤ کەسیان ژن بوو. دوای کۆمەڵکوژییە، بکوژ محەمەد ئاڵتون وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستگیرکرا. ئەم کۆمەڵکوژییە بە هاوکاریی بنەماڵەی ئاڵتون و کەلەش ئەنجامدرا و دۆسیەی کەیسەکەی بەردەوامە.
جنێویان بە کوردان دا
بنەماڵەی دەدۆگولاری ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە قەرسەوە ڕۆیشتبوون بۆ ناوچەی مەرام لە پارێزگای قۆنیا و لێرە کشتوکاڵیان دەکرد تا ساڵی ٢٠١٠ هیچ کێشەیەک لەنێوان ئەوان و دراوسێکانیاندا نەبوو. دوای کۆمەڵکوژییەکە چەتین دەدۆگولای لە کاتی وتە لێوەرگرتن دا بە داواکاری گشتیی وتبوو، "یاشاری باوکم لەو ساڵەدا زەوییەکی کێڵابوو، زەوییەک لە تەنیشت ئەو زەوییەدا هەبوو، لوتفی کەلەش ئەو زەویەیی بەکرێ گرتبوو. لوتفی کەلەش لەو کاتەدا بۆ کاری زەوییەکە داوای یارمەتیی لە باوکم کردبوو. دوای ئەوەی کارەکەیان تەواو بوو، پێکەوە چاییان خواردەوە و گوێیان لە ڕادیۆ گرت. کاتێک لە ڕادیۆدا هەواڵێک لەسەر ڕووداوێک لە "ڕۆژهەڵاتی ئەناندۆڵ" دا بڵاوکرایەوە لوتفی کەلەش جنێوی بە کوردان دا. بۆ ماوەی چەند خولەکێکدا ئەمەی دووبارە کردوەتەوە و باوکم پێی وتوە: "تۆ بۆ جنێو بە کورد دەدیت" و وەڵامی داوەتەوە. ئەو ڕووداوە لەو کاتەوە لە نێوان باوکم و لوتفی دا مایەوە و ئەوان بابەتەکەیان لەوێیەوە گرتووە. یاشاری باوکم باسی ئەو بابەتەی بۆ کردبووم".
پێش کۆمەڵکوژیکەش هێرشی تریان ئەنجامدابوو
وەک لە وتە وەرگرتنەکانی بنەماڵەی دەدۆگولاری دا دەردەکەوێت، ئەو بنەماڵەیەی کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجام داوە لە سەر بنەمای نەژادپەرەستی بەرامبەر بە بنەماڵەی دەدۆگولاری رەق و توڕەییان هەبوو. بەر لە کۆمەڵکوژییەکە جارێکی تر هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی دێدۆگولاری و برینداریان کردن. چەتین دەدۆگولاری وتیشی: "ئەوەندەی دواتر زانیم، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر بنەماڵەکەم و بە سەختی مەتینی برام و چەند کەسێکی دیکەیان لە بنەماڵەکەم بریندار کردبوو. لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١دا هێرشەکە ئەنجامدرا و بۆ ئەو هێرشە هیچ هۆکارێک لە گۆڕێدا نەبوو.
گوێ لە داواکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێن نەگیرا
بنەماڵەی کەلەش کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامداوە و پێش کۆمەڵکوژییەکە بەرامبەر بە بنەماڵەى دەدۆگولاری هێرشێکی نەژادپەرستانەیان ئەنجامدا و ئەو هێرشەش نیشانی دەدا، کە دەیانەوێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن. ئەو ٧ کەسەی کە کوژران، لە کاتی هێرشەدا و کاتێک لەلایەن پۆلیسەوە وتەیان لێوەرگیرا ڕایانگەیاند، ئەوە هێرشێکی نەژادپەرستانەیە و ئەگەر ڕێگریی لێنەکرا ئەنجامێکی جدی دەبێت. بنەماڵەی دەدۆگولاری ڕایانگەیاندبوو، مەترسییەکی گەورە لەسەریان هەیە و پێویستە دەزگا ئەمنییەکان ڕێوشوێن بگرنەبەر، بەڵام گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیراوە.
بکوژەکە دەچووە شوێنە گرانبەهاکان
محەمەد ئاڵتون ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیەکە، کە بنەماڵەی دەدۆگولاریی کۆمەڵکوژ کردووە، بەپێی بەڵگەنامەکان ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە پێش کۆمەڵکوژییەکە پلانی کۆمەڵکوژییەکەی داناوە و یارمەتی ماددیی وەرگرتووە و بە تەنها خۆی ئەو کارەی ڕێک نەخستووە. ئاڵتونی بکوژ پێش کۆمەڵکوژییەکە چوو بۆ ئەسکیشەهیر، ئەنقەرە، ئیستەنبول و بورسا و لە هۆتێلە گرابنەهاکاندا دەمایەوە. ئاڵتون لە هۆتێلی هیلتۆن لە ئەستەنبوڵ و لە هۆتێلی لوکسی ڕیکسۆس لە ئەسکیشەهیر دەمایەوە. پارێزەرانی بنەماڵەی دەدۆگولاری پرسیاریان لە ئاڵتون کردبوو، کە ئەو پارەیەت لە کوێ هێناوە بۆ مانەوە لە هۆتێلە گرانبەهاکان دا؟ محەمەد ئاڵتونی بکوژ وتبوی: "من لەو هۆتێلانەدا دەماومەوە بۆ ئەوەی پشوویەک بدەم و بیر لەوە بکەمەوە، کە دەتوانم چی بکەم'. پارێزەران ڕایانگەیاند، ئاڵتون یارمەتیی ماددیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەم هۆتێلە گرانبەهایانەدا بمێنێتەوەو ئەو کۆمەڵکوژییەکەی بە تەنیا ئەنجام نەداوە و کەسانێک هەن، کە یارمەتیان داوە و پێکەوە کۆمەڵکوژییەکە ئەنجام داوە.
بکوژ محەمەد ئاڵتون دەچێتە وێستگەی سوتەمەنی
بکوژ محەمەد ئاڵتون پێش ئەوەی بچێتە ماڵی دەدۆگولاری بەنزین دەکڕێت و چەک هەڵدەگرێت. ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە، کە ئەو کۆمەڵکوژییە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو. ئاڵتون لە دادگا وتبووی " چەکێکم بۆ پاراستنی خۆم هەڵگرتبوو، بەڵام نازانم بۆچی بەنزینم لەگەڵ خۆم بردوە. من وتم، نەک شتێکی خراپ ڕوو بدات، نەک بۆ سووتاندن. دوو ڕۆژ پێش ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلەم بەکرێ گرت و هۆکاری کرێکە بۆ ئەوە بوو بڕۆم لەگەڵیان قسە بکەم'. پارێزەران پرسیاریان لێکردبوو: "ئایا هەمیشە بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەتدا هەیە؟ تۆ بەنزینت لە کوێ کڕی؟"، بەڵام ئاڵتون وتی، 'نازانم'.
دوای کۆمەڵکوژییەکە پەیوەندی بە ١١٢ەوە دەکات
هەروەها پارێزەرانی بنەماڵەی دەدۆگولاری داوایان کردبوو، کە تۆماری ئێچ تی ئێس / HTS (تۆماری قسەکردن و پەیامی تەلەفۆنی) بکوژ محەمەد ئاڵتون ئاشکرا بکرێت. ئاڵتون دوای کۆمەڵکوژییەکە تەلەفۆنی بۆ ١١٢ کردبوو و وتبوی، "من ٥ کەسی تر دەکوژم' و داوای ئامبولانسی کردبوو. پارێزەران داوای هەموو تۆمارەکانی ئاڵتونیان لە هۆتێلەکان و وتەکی تۆمەتباران لە زیندان و سەردانەکان بۆ لای لە زیندانیش کردبوو.
داوای هاوکاریی لە ئەردۆغان کرد
وەلی کەلەش، کە لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١دا هێرشی کردە سەر بنەماڵەی دەدۆگولاری، لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا سکاڵانامەیەکی بۆ ناوەندی ئاگادارکردنەوە و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار (CÎMER) لەبارەی هێرشە نەژادپەرەستییەکەیەوە نووسیبوو و تیایدا داوای یارمەتیی لە سەرۆک کۆمار، کە هاوکات سەرۆکی ئاکەپەیە، کردبوو و وتبووی، "سەرۆک کۆمارە رێزدار و بەڕێزەکەم" و ڕایگەیاندبوو، وەک تۆمەتبارێک لە کەیسی کۆمەڵکوژیدا دادگایی دەکرێت و بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە هیچ پەیوەندیی بە کۆمەڵکوژیەکەوە نییە. کەلەش وتبوی، "لایەنی بەرامبەر دەیەوێت شەڕەکەی پێشوومان وەک هێرشێکی ڕەگەزپەرستانە نیشان بدات. ئێمە دەبینین، کە چۆن ڕای گشتی، میدیاکان، دام و دەزگا یاسایەکان و ئەمنییەکان چەواشە دەکەن. لەبەر ئەمەوەش دەیانەوێت لەم دۆزەی ئێمە ئەوەی لە چیاکاندا ناتوانن بیکەن، دەیانەوێت ئەنجامی بدەن و دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن، کە ئەمە هێرشێکی ڕەگەزپەرستانەیە. لایەنگرانی ڕێکخستنی تیرۆر پشتیوانی لە بنەماڵەی بەرامبەر دەکەن و هەرچییەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن تاوەکو بۆ ئەم کەیسە ئەجیندا و رۆژەڤ دروست بکەن".
بکوژ برابوو بۆ 'کامپی موراڵ'
ئاتیلا کارت، کە پارێزەری بنەماڵەی دەدۆگولاریە بە ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیای ڕاگەیاند، پێش کۆمەڵکوژییەکە محەمەد ئاڵتونی بکوژ برابوو بۆ ناو کامپی موراڵ (ورە)ەوە و وتی: "بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە دەستماندایە، بە ئاڵتونیان وتووە، 'ئێمە ئاگامان لە بنەماڵەکەت دەبێت'. بەپێی بەڵگەنامەکان ئاڵتون وەک بکوژێکی تاوانباری دڵڕەقی رەقاوی پرۆفیشناڵ ئامادەکراوە. پلانەکەیان بەو شێوەیە دانابوو، کاتێک ئاڵتون دەڕوات بۆ ماڵی دەدۆگولای بارش لە ماڵەوە نییە. چاوەڕێ گەڕانەوەی بارش دەکات. لەو کاتەدا ١٠ بۆ ١٢ خولەک تۆمار هەیە، کە لەگەڵ کەسانی تردا قسەی کردووە، بەڵام ئەو تۆمارانەی ئێچ تی ئێس / HTS (تۆماری قسەکردن و پەیامی تەلەفۆنی)، کە لەو کاتەدا ئەنجامدراون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوە لەو تۆمارانە نەکراوە، ئێمە بەڵگە و دۆکیومێنتمان لە دەستدایە، کە لە هۆتێلە گرانبەهاکاندا ماوەتەوە. بەپێی ئەو بەڵگانە دەتوانین بڵێین ئەو لە ئۆردوگا و کامپی موراڵ (ورە)دا ماوەتەوە و راهێنانی پێکراوە".
وێنە و دۆکیومێنتەکان سڕاونەتەوە
ڤیدیۆی ٢ خولەکی ڕۆژی کۆمەڵکوژیەکە تۆمار نەکرابوو و لە دانیشتنەکانی دواتری کەیسەکەدا دۆزرایەوە و سەیر کرا. دوو خولەک دوای ئەوەی هێرشبەرەکە یەکەم جار لە دوی کۆمەڵکوژییەکە ماڵی دەدۆگولاری بەجێدەهێڵێت تۆماری ٢ خولەک دیار نەمابوو. دواتر لە ٢ی ئابدا ٣٥ خولەک لەگەڵ ١٥٥دا چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە. ئەو چاوپێکەوتنە ٣٥ خولەکییە دەگاتە ٥٠ بۆ ٦٠ لاپەڕە، بەڵام ڕاپۆرتەکەیان لە ناوبردووە، یان شاردویانەتتەوە. تەنها یەک لاپەڕەی ماوە. لاپەڕەیەک لە فایلەکەدا ماوەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەوە، کە لەبیریان چووە ئەو لاپەڕەیەش ببەن. ئەوە وەک بەڵگەیەکە، دەیسەلمێنێت، ڕووداوەکە چۆن رێکخراوە و پلانی بۆ دانراوە. پرسیارەکان لەبارەی ئەوەی، کە ئەم تۆمارانە لە کوێ شاردراونەتەوە، بۆچی شاردراونەتەوە، بکوژ لەگەڵ کێدا مامەڵەی کردووە، تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارانە نەدراوەتەوە. کاتێک بکوژەکە دەڵێت، "من پێنج کەسی تر دەکوژم و پاشان خۆم بە دەستەوە دەدەم"، ئەو دان بەوەدا دەنێت، کە ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجام داوە، لەوەش نیگەرانە، کە هاوکاریی عایشەی خوشکیشی بێتە گۆڕێ.
بکوژەکە لە زینداندا دەپارێزرێت
پاش دەستگیرکردنی بکوژ ئاڵتون، لە تۆمارە دەنگییەکانی پەیوەندیە تەلەفۆنییەکانیدا، کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کردبووی ڕایگەیاندبوو، 'بارودۆخی باش و خۆشە، دڵخۆشە و با کەس نیگەرانی نەبێت'. دیسان بەڵگەکان سەلماندیان، کە بکوژ گەیشتووەتە ئاستێک، کە بە پارەی 'پشتگیری' خانوو بۆ هاوسەرەکەى بکڕێت. لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەموو زانیاری و بەڵگەنامانەدا ئەوە دەسەلمێت، کە هەموو خزمە نزیکەکانی ئاڵتون کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجام داوە و ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییەیان پەسەند کردووە.
ژ.ت