بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سامان یاسین زیندانی سیاسی کورد کە ماوەی زیاتر لە ١٨ مانگە لە زیندانە بۆ جارێکی دیکە لە زیندانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد لە تاران.
ئەمەش تەنیا چەند رۆژ دوای ئەوەدێت، کە لە نامەیەکدا بۆ غوڵامحسێن موحسنی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکە، باسی لە بەسێک لەو ئەشکەنجە و ئازارانە کردبوو کە لە زیندان رووبەڕووی بووەتەوە.
پێشتر و لە ٣١ی پوشپەڕی ١٤٠٢ (٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣) ئەو زیندانیە کوردە کە گۆرانیبێژی راپیش بوو، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی دەنگی لە زیندان و ئاشکراکردنی ئەو ئەشکەنجانەی بەرامبەر ئەنجامدراون، رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرابوو.
سامان یاسین لە نامەکەی ئەم دواییەیدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندبوو، "١٨ مانگە لە زیندانەکانی تاران و کەرەج بە بێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەرم، لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار وادەی دانیشتنی دادگا دیاریکرا، بەڵام دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو".
راشیگەیاندبووە، "تکایە بۆم روونبکەنەوە کە چ تاوانێکم کردووە، ئەگەر تاوانبارم سزای زیندانم بەسەردا بسەپێنن، ئەگەر بێتاوانم ئازادم بکەن. من نازانم کە هۆکاری ئەو هەموو رق و ئازاردانەی دەسەڵاتی دادوەری بەرامبەر بە من چییە و چ واتایەکی هەیە".
ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە کە چەندین جار لە دژی ناڕوونی دۆسیەکە مانی لە خواردن گرتووە، بە بیری هێناوەتەوە کە چەندین جار ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی دراوە و لەو رووەوە لە نامەکەیدا نوسیویەتی: "داوادەکەم لە سێدارەم بدەن. من چیتر بەرگەی ئەم دۆخە هەڵپەسێردراو و ناڕونەی زیندان ناگرم، کە بە هۆی تاوانێک کە نە من و نە ئێوە دەزانن چییە، لە زیندان راگیراوم. سزای لەسێدارەدانم بۆ دەربکەن، من ناڕەزایەتی دەرنابڕم. ژیانم لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، تەندروستی جەستەیی و دەرونیتان لە من سەندەوە، وەک ئەشکەنجەی دەرونی لەسێدارەدانی نمایشیتان لەسەرم تاقیکردەوە، منتان رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرد، چی ماوە بە سەر منی بهێنن؟ گیانم بکێشن و ببڕێتەوە".
سامان یاسین (سەیدی)خەڵکی کرماشانە و لە رەزبەی ٢٠٢٢ لە خۆپیشاندانەکانی تاران دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. سەرەتا بە تۆمەتی شەڕ لە دژی خودا و وەستانەوە دژی دەسەڵات سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر لەلایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە سزاکە هەڵوەشایەوە و تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتی ئاراستە کرا.
ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە باسی لەوەکردبوو، کە لە ژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی خستنەخوارەوە لە بەرزایی ناچاربووە دان بە تاوانێکدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە و لە ماوەی دەستبەسەریدا رووبەڕووی چەندین ئەشکەنجەی قورس بووەتەوە و لە دژی ئەو ئەشکەنجانە چەند جارێک مانی لە خواردن گرتووە و یەک جاریش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
هـ . ب