سەباحەت تونجەل داخوازینامەى بە حکومەت دا: دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێ بێت

سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە، کە لە زیندانی جۆری ئێف لە کاندریا زیندانیکراوە بۆ نەهێشتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد داخوازینامەیەکی بۆ وەزارەتی دادی تورکیا نووسی.

سەباحەت تونجەل سیاسەتمەداری کورد لە ٢٣ی ئادار دا لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داخوازینامەیەکی بۆ وەزارەتی داد نارد.

لە داخوازینامەکەدا هاتووە، عەبدولحەمید گیول وەزیری دادی تورکیا لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩دا رایگەیاند، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان هیچ لەمپەر و رێگرییەک نییە.

تونجەل ناڕەزایەتی نیشاندا و رایگەیاند، کردارەکان لە ئیمراڵی بوونەتە ئەشکەنجەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو و وتی، "دەبێت رێزدار ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ بنەماڵەکەى و پارێزەرانی چاپێکەوتن ئەنجام بدات".

داخوازینامەکەى تونجەل ئەم خاڵانەى تیادایە:

"مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی و هەموو مافە یاساییەکانی و ئەوانەى لە دەستووری بنەڕەتیدا هاتووە، دەبێت بۆ هەموو کەسێک بێت. یاسا و ماف بەپێی کەسەکان نییە و نابێت بیشبێت، بەڵام لە ئیمراڵی ٢١ ساڵە یاسایەکی تایبەت هەیە. ٢١ ساڵە لەسەر رێزدار ئۆجالان گۆشەگیرییەکی قورس و ئیزۆلاسیۆنێکی (دابڕاندن و تەنها هێشتنەوە)یەکی گەورە هەیە. ٢١ ساڵە لە ئیمراڵی ئەشکەنجەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو هەیە. ئەو ئەشکەنجە سیستماتیکە رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت و عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان لە هەمان بارودۆخدان و ناتوانن بنەماڵەکان و پارێزەرەکانیان ببینن.

لەو قۆناغە و پرۆسەیەدا سی پی تی لە زۆرێک لە زیندانەکانی تورکیادا لێکۆڵینەوەى ئەنجامدا. سی پی تی چووە زیندانی ئیمراڵی و لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندبوو، لە ئیمراڵی "یاسایەکی تایبەت" هەیە و داوایکردبوو، ئەو ئەشکەنجەیەى لە ئیمراڵی هەیە کۆتایی پێ بهێنرێت. حکومەتەکەى ئێوەش لە بریی ئەوەى بە خێرای هەنگاو بنێت و کۆتایی بە ئەشکەنجەى ئیمراڵی بهێنێت، بە پێچەوانەوە ئەشکەنجە و گۆشەگیری و ئیزۆلاسیۆنی زیاتر و چڕتر کردووە.

لە قۆناغی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆناشدا، پارێزەران و بنەماڵەکان لەبارەی تەندروستی رێزدار ئۆجالان و هەڤاڵەکانیەوە هیچ هەواڵ و زانیاریەکیان نەبوو و نییە. گەلی کورد لە نیگەرانیی زۆر گەورەدایە و لە ئەژماری میدیا دیجیتاڵییەکاندا لەبارەی ژیانی رێزدار ئۆجالانەوە بانگەشەى گەورە بڵاوکرایەوە. لەبارەی ئەوەوە هیچ روونکردنەوە و لێدوانی پێویست و تێرکەر بڵاونەکرایەوە. حکومەت و وەزارەتەکەى ئێوە لە تەندروستی و ئاسایشی رێزدار ئۆجالان و هەڤاڵەکانی بەرپرسیارن. لەبەر ئەوەش دەبێت بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵەکەى و پارێزەرەکانی چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.

بۆ ئەوەى گۆشەگیری کۆتایی پێ بێت و دۆزی کورد لە رێگەى دیموکراتیکەوە چارەسەر بکرێت، لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا دەستی بە چالاکیی مانگرتن کرد و هەزاران کەس بەشداری ئەو چالاکییە بوون و ئەو چالاکییە ٢٠٠ رۆژ بەردەوام بوو. لەو کاتەدا عەبدولحەمید گیول وەزیری داد رایگەیاند، هیچ لەمپەر و رێگرییەک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان لە گۆڕێدا نییە. دوای ئەوە چاوپێکەوتن ئەنجامدران و مانگرتنەکان کۆتاییان پێهات، بەڵام دواتر بە ناوی لێکۆڵینەوەى دیسیپلینی مافە یاساییەکانی بەڕێز ئۆجالان و هەڤاڵەکانی زەوتکران. لەبەر ئەوەش دیسانەوە لە زیندانەکاندا چالاکیی مانگرتن دەستیان پێکردووەتەوە. ئەم چالاکیی مانگرتنە کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا دەستیپێکردووە و منیش تیادا بەشدارم، تاوەکو سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئێوە کۆتایی پێ نەیەت، بەردەوامیی دەبێت".

ژ.ت