سەباحەت تونجەل: پرسی کورد بۆ ڕەحمەتی دەوڵەت جێناهێڵرێت

سەباحەت تونجەل ڕایگەیاند ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورد، ڕۆڵێکی مەزنی هەیە و پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت، گوتی: "ئەم پرسە بۆ ڕەحمەتی دەوڵەت جێناهێڵرێت. ئاشتی کاری جڤاکە".

دۆزی کۆبانێ کە بە پاساوی چالاکییەکانی ناڕەزایەتی ٦-٨ تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دژی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ کرایەوە و هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی و ١٨ زیندانی لە کۆی گشتی ١٠٨ کەس دادگایی دەکرێن، لە کەمپی زیندانی سینجان ئەنجامدرا.

"هەموو هەڤاڵەکانمان بەهۆی خەباتی خۆیانەوە دادگایی دەکرێن"

تونجەل ڕایگەیاند ئازادی بێ قوربانیدان نابێت، من ٩ ڕۆژە مانم لە خواردن گرتووە، پەیوەست بە ٨ ی ئادار گوتی: "تەواوی هەڤاڵە ژنەکان لێرە و لە هەموو جێگەیەک لەبەر خەباتەکەیان دادگایی دەکرێن. چونکە ئێمە بۆ تەڤگەری ژنانی دیموکراتیک و ئازاد خەباتمان کرد و گوتمان بەسە توندوتیژی سەر ژنان. ئێمە لە ٨ ی ئادار ڕژاینە گۆڕەپانەکان و داوای ئاشتیمان کرد".

"موخاتەبی من، دەسەڵاتی سیاسییە"

تونجەل دادگای بە لایەنگری ئاکەپە و مەهەپە تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند ئێمە بەهۆی سیاسەتەوە دادگایی دەکرێین، ئێوە بەناوی ئاکەپە و مەهەپە و هاوپەیمانی کۆمارەوە لێرەن، گوتی: "ئێوە ناچارن گوێبیست بن. لە بنەڕەتدا، موخاتەبی من، دەسەڵاتی سیاسییە".

ڕایگەیاند ئێمە دەمانەوێت پێکەوە ئەو زەمینەیە بگۆڕین کە زیهنیەتی پیاو ٥ هەزار ساڵە سەپاندوویەتی، ژن دەکاتە کۆیلە و بە مرۆڤی نازانێت، لەم پێناوە تێدەکۆشین، گوتی: "دەزانین بۆچی پیاوان دژایەتی ژنان دەکەن، چونکە نایانەوێت دەسەڵات و دەرفەتی ژیان هاوبەش بکەن. پرسەکە تەنها ئازادی ژن نییە، بەڵکو ئازادی پیاویشە".

"ڕەوایەتی دەدەنە قڕکردنی ژنان"

تونجەل تیشکی خستەسەر نزیکایەتی دەوڵەت بەرامبەر ژنانی کورد و شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل لە سلێمانی، گوتی: "دەوڵەت لەژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوە" ڕەوایەتی دەداتە قڕکردنی ژنان. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین و ئێوە دەمانخەنە زیندان. ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن دەکرێت و ژن دەستبەسەر دەکرێت. بەڵام ژن خۆیان ڕێک دەخەن و خەبات دەکەن. دەوڵەتی فشارکەر و دەستدرێژیکارە. بۆیە دەبێت دەوڵەت بگۆڕێت. دەبێت سیستەمی دادوەری بگۆڕێت. پێویستە زیهنیەتی پۆلیس و سەرباز بگۆڕێت. تا ئەمە نەگۆڕێت، ڕاستی ژیانی ژن ناگۆڕێت".

تونجەل تیشکی خستەسەر سەر شەڕی فەڵەستین، کوژرانی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و مناڵن، هەروەها ئاماژەی کرد بە کوشتن و گرتن و دەستدرێژی و توندوتیژی سەر ژنان لە تەواوی جیهاندا. بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ئێران پەیوەندیدارە بە هەمووانەوە.

لە درێژەدا تونجەل گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی شەڕ چارەسەر بکەن، دەستدرێژی و هەراسانکردنی ژنان وەک ڕێبازی ئەشکەنجە بەکاردەهێنن، هێشتاش ئەم ڕێبازە بەردەوامە، هێشتا لێپرسینەوە لەمە ناکرێت".

"پرۆسەی خۆبەڕێوەبەری"

تونجەل ڕایگەیاند بەهۆی قسەکانیان لە پرۆسەی خۆبەڕێوەبەری دادگایی دەکرێن. گوتی: "ئێمە ڕەخنەمان لە حکومەت کرد و گوتمان "ئێوە لەنێو سنوورەکانی خۆتاندا مرۆڤ دەکوژن و بۆمب دەبارێنن. ئەمە قبووڵ ناکرێت. پرسی ئەم گەلە هەیە. وەرن بەڕێگەی گفتوگۆ چارەسەری بکەن. ئەمانە دژی ئەم شتە دەوەستنەوە. تەیب ئەردۆگان دەڵێت "ئەخلاقی شەڕیش هەیە" ڕاستە ئەخلاقی شەڕیش هەیە. بەم هۆیەوە گوتمان "با کەس نەبێتە ئەم تاوانە، با ئاکەپە دەست لەم سیاسەتی شەڕ و دوژمنایەتییەی کوردان هەڵبگرێت" بۆیە ئەمڕۆ دادگایی دەکرێین".

تونجەل بیری خستەوە زیاتر سەد گەنج لە جزیر بە زیندوویی سوتێنران و بەشێکیان خوێندکاری زانکۆ بوون. کەچی دادگا لەمەی نەپرسییەوە، ئەو گەنجانە وەک "تیرۆریست" ناسێنران. ڕایگەیاند ئێمە لەبەر گوتنی ئەم ڕاستییە دادگایی دەکرێین.

شاندی دادگا بڕیاریدا، ١٨ ی ئادار بۆ نرخاندنی ڕەوشی زیندان بکرێت و ١٩ ی ئادار ئیفادەی کۆتایی وەربگیرێت.