شاندی دەم پارتی سەردانی ئیدارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریان کرد

شاندی دەم پارتی بە مەبەستی بەشداریکردن لە "کۆنفرانسی هەڵوێستی هاوبەش و یەکڕیزی کوردان لە ڕۆژئاوا، گەشتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەردانی ئیدارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریان کرد.

شاندەکە کە پێکهاتووە لە هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتارانی دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز، گوڵجان کاچماز و مەحەمەد کاماچ،  ئەمڕۆ سەردانی ئیدارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرییان کرد.

شاندەکە لە لایەن ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئیدارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری و ئەندامانی پەیوەندییەکانی دەرەوە خالید ئیبراهیم و گوڵساتان عەلیەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بە ناوی شاندی دەم پارتی کەسکین بایندر قسەی کرد و گوتی: "کۆنفرانسەکە ڕووداوێکی مێژووییە. بە خۆشحاڵییەوە بەشداری کۆنفرانسەکە دەبین". بایندەر ئاماژەی بەوەدا کۆنفرانسەکە دەبێتە بناغەی یەکێتی نەتەوەی کوردستان.

وتیشی: "گەلی کورد و کوردستان ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن، هەنگاو بە هەنگاو چاودێری دەکەن. ئەم دۆخەش هیوایەکی مەزنمان پێ دەبخشێت."

کەسکین بایندەر ئاماژەی بەوەدا بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داناوە.

ئیلهام ئەحمەدیش ئاماژەی بەوەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەیە بە ناوی خزمەتەوە بۆ هەموو شتێک بۆ گەلان بکات.