بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها) کە پشتی بە لێدوانی گەواهیدەر عەلەوییەکان بەستووە دەربارەی ئەو هێرش و کۆمەڵکووژیانەی چەکدارانی سەربە حکومەتی دیمەشق لە گوندەوارەکانی حومەس، حەما و کەناراوەکانی سووریادا لەسەریانی ئەنجام داوە، ئاماژە بەوەکراوە لەو هێرش و کۆمەڵکووژیانەدا هەرێمی عەلەوییەکان بە کۆچبەرکردنی زۆرەملێ بەر گۆرانی دیمۆگرافی کەوتووە و زیاد لە ٥٠ ژنی عەلەویش ڕفێندراون و لە بازەڕەکانی ئیدلیبدا فرۆشراون.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو گەواهیدەرە عەلەوییانە کە هاوکات قوربانییەکی زیندووی هێرش و کۆمەڵکووژیەکانی چەکدارانی دیمەشقن، باسیان لەوەکردووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس زۆرینەی عەلەوییەکان روویان لە کەناراوەکانی سووریا کردووە، بەڵام بە ئێستاشەوە ئەو هەرێمە هیچ ئارامی و پاراستنێکی دڵنیایی بۆ عەلەوییەکان نییە.
گۆڕانی دیمۆگرافی و کۆچبەرکردنی زۆرە ملێ
لە بەردەوامییدا باس لە ڕووداوێکی کاتی کۆمەڵکووژی و هێرشەکان کراوە و دەستنیشان کراوە چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە کاتی هێرشەکاندا بە دڕندەترین شێوە گەمارۆی گوندە عەلەوی نیشینەکانیان داوە لە ڕۆژهەڵاتی حومس و هەموو جۆرە توندوتیژییەکان لە دژی عەلەوییەکان بەکارهێناوە و پێکڕا ناچار بە دەرچوون لە گوندەکان کراون.
چەتەکانی دەوڵەتی تورک؛ درێژەدان بە میراتی داعش؛ ڕفاندنی ژنان
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلانی سووریا بە هیوایی گەڕانەوەی ئارامی بۆ وڵات لە ئایندەی خۆیان دەڕوانی. بەڵام بە هاتنی هەتەشە نەک ئەم خەونەیان بەدی نەهات بەڵکو بوو بە هۆکاری درێژەدان و زیندووکردنەوەی میراتی ژنکوژی و دڕندەیانەی داعش.
لە هێرشەکانی چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق نەک بە تەنها پەرە بە کۆمەڵکووژی درا، هاوکات شەپۆلێکی 'ژن ڕفاندن'یشان پەرەپێدا. دەسنیشان کراوە لەو هێرشانەدا زیاد لە ٥٠ ژنی عەلەوی کە زۆرینەیان ژنی گەنج بوون ڕفێندراون و ڕەوانەی شاری ئیدلیبی ناوەندی هەتەشە کراون و لە بازاڕدا هاوشێوەی سەردەمی داعش مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە.
لەم کۆمەڵکووژیانەدا بێگومان هەڵوێستی دەوڵەتی تورک زۆر ڕوون و داگیرکەرانە بووە و لە ڕێگەی چەتەکانییەوە خواست و مەرامەکانی جێبەجێ کردووە. لەم هێرشانەدا چەتەکانی "ئەل هەمزات" و "ئەل ئەمشات"ی گرێدراوی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەشێکی زۆری ئەم کۆمەڵکووژیانەی پەرەپێداوە.
هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوا ئاسۆی ژیان
لە دوای بەرفروانبوونی هێرشی سەر عەلەوییەکان، تاکە دەروازەی ڕزگاری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو. وێڕای هەموو فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری چ بە ڕەوانەکردنی چەندین کاروانی پێویستی و خزمەتگوزاری، هەمووکاتێک سنورەکانی بەرووی کۆچبەرە عەلەوییەکاندا کردووەتەوە.
ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی مەترسی سەر عەلەوییەکان
لە یەکێک لە دیدارەکانی ئەم دوایەیی ئیمراڵی، لە سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ دیداری ڕێبەر ئاپۆ، کە پەروین بوڵدان یەکێک بوو لە ئەندامەکانی ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ نیگەرانی خۆی دەربارەی ئەو دۆخە دەربڕییەوە کە عەلەوییەکانی تێداگرۆدەی کۆمەڵکووژی بوونتەوە.
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێبەر ئاپۆ پەیوەست بە عەلەوییەکانەوە گوتووەیەتی، پێویستە هاوشێوەی کوردان خۆیان بەرێکخستن بکەن و خۆسەری خۆیان بونیات بنێنن و ببن بە قەڵغانی خۆپاراستنیان لە هێرش و کۆمەڵکووژییەکان.