ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ژنە ئەڵمانێکی داعشی بە چوار منداڵەوە ڕادەستی شاندێکی ئەڵمانی کرد

شاندێکی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لە چوارچێوەی سەردانەکەدا ژنە ئەڵمانێکی داعشیی بە چوار منداڵەوە لە لایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە ڕادەستییان کرا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕیی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕایگەیاند، شاندێکی ئەڵمانیا کە لە کریستیان کلاین، سەرۆکی بەشی کاروباری کونسوڵی و یاسایی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری پێکهاتبوو، سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد.

شاندی ئەڵمانی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕیی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری قامیشلۆ لەلایەن گوڵستان عەلی، هاوسەرۆکی فەرمانگەکە و خالید ئیبراهی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پێشوازی لێکرا.

شاندەکە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەشەسەندنەکانی ئەم دوایی ناوچەکە و هەڵوێستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕیی لەو بارەیەوە، گفتوگۆی کرد.

هەروەها شاندەکە لەسەر کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردی و شێوازەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سووریا وەک سیستەمی ناناوەندی دیموکراتیک، قسەیان کرد.

هەروەها کۆتا دەرئەنجام و دانووستانەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی و دەسەڵاتی دیمەشق، ئەو لیژنانەی کە دامەزراون، هەڵوێستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی بەرامبەر “ڕاگەیاندنی دەستوور” و شێوازەکانی پشتگیری ئابووری و سیاسی کە پێویستە بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی، شرۆڤە کران.

کلاین سووپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەڕی بەهۆی شێوازی بەڕێوەبردنی کامپەکان و ڕێکخراوەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ژنێک و چوار منداڵی ئەڵمانی لە خانەوادەی چەتەکانی داعش ڕادەستی شاندەکە کران.