شاندی مەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووە

شاندی مەسەدە، لە واشنتۆن لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی خوارو جۆی هۆد، بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارتی دەرەوەی ئەمریکا ئیثان گۆڵدریچ، کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک(MSD) بڵاویکردەوە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی خوارو جۆی هۆد و بەرپرسی دۆسیەی  سوریا لە وەزارتی دەرەوەی ئەمریکا ئیثان گۆڵدریچ، لە بینای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازییان لە شاندی مەسەدە کرد و هەردوولا باسیان لە دۆسیەی سوریا و قەیرانەکانی و ڕێگاکانی چارەسەریی کرد.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ شاندی مەسەدە و بەڕێوەبەریەتیی خۆسەر بە نوێنەرایەتیی ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردوەتەوە، کە هاوکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا  بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەردەوام دەبێت، هەتا تیرۆر لە ناودەچێت و ئاسایشی هەرێمەکە بەدیێت.

جۆی هۆد، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە ئەرکەکانی ئەمریکا  کرد لە سوریادا وتی:  هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک،  هەتا کۆتایی هێنان بە داعش و چارەسەرکردنی قەیرانی لە وڵاتەکەدا، بەردەوام دەبێت.

هەردوو لا، لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی چارەسەری سیاسیی و نێودەوڵەتیی بۆ کێشەکانی سوریا گفتوگۆیان کردوە، جۆی ئاماژەی بەوەکردوە کە پێویستە ئامادەکارییەکی زەمەنیی گونجاو هەبێت، بۆ ئارامکردنەوەی هەرێمە ناکۆکان، ئەمەیش پێوستی بە چارەسەریی سیاسیی هەیە.

جۆی هۆد وتیشی، ئەمریکا زۆر پرۆژەی بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی  سووریا هەیە، هاوکاریی ئابووریی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دەکات بۆ پێشکەوتن و بونیادنانەوەی هەرێمەکە و بەدیهێنانی ئاساییش.

ف.ق