شەپۆلی گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

شەپۆلی نوێی ڕەشبگیری چالاکوان و هاوڵاتیان کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و پێنج چالاکوانی دیکە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستگیر و بەرەو شوێنکی نادیار گواستراونەتەوە.

لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن،ژیان، ئازادی'، هێزەکانی سەر بە دەسەڵات، شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێکردووە و ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی و چالاکوان  بە بێ خستنەڕووی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن، دەستبەسەر دەکەن و بۆ شوێنی نادیار دەیانگوازنەوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی نێوان ١٥ بۆ ١٩ی ئاب، هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، ٥ چالاکوانی بە ناوەکانی ئامانج خەستە، خەلکی گوندی "گۆگ تەپە"ی مەهاباد، زانا پەروانە خەڵکی شاری مەریوان، موعین فەقیهی خەڵکی جوانڕۆ، حسام کەریمی و سیروان کەریمی خەڵکی گوندی چرۆسانەی کامیارانیان دەستگیر کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چالاکوانانە بە بێ خستنەڕووی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٨ چالاکوان و هاوڵاتیی کورد لە شارەکانی تاران، پیرانشار، جوانڕۆ، کامیاران، شنۆ، مەهاباد و سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ژ.ن