سەلچوک: دەبێت ئامانجی سەرەکی گەل شکاندنی گۆشەگیری بێت

باقی سەلچوک ئەندامی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان TSP ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی دەوڵەتی تورک گۆشەگیرکردنی تەواوی کۆمەڵگایە و وتی: "دەبێت ئامانجی سەرەکی گەل شکاندنی گۆشەگیریی بێت".

باقی سەلچوک ئەندامی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان، سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد. سەلچوک ڕوونیکردەوە کە ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایەی کە ماوەی ٣ ساڵە بەردەوامە بەپێی هیچ یاسا و ئەخلاقێک ناگونجێت و ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی دژی گۆشەگیریی بە لاوازی ماونەتەوە.

لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ــەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش کە لە ئیمرالیە گۆشەگیر کراون دەست نەکەوتووە. بە نموونەی ئیمرالی سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی چۆن ڕوون بکرێتەوە؟

ئێمە ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایەی کە دەوڵەتی تورک بەسەر ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە حامیلی یڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئەکتاش لە ئیمرالی سەپاندووە و بۆ ماوەی ٣ ساڵ وەک نموونەیەکی فاشیستی بێ ئەخلاقی دەزانین کە لەگەڵ هیچ رێسا و پێوەرێکی یاساییدا ناگونجێت. لە ساڵی ١٩٩٩ــەوە بەڕێز ئۆجالان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە ڕاگیراوە. بەڵام دواهەمینیان گۆشەگیرییەکی درێژخایەنە کە تا ئێستا بەردەوامە.

ئێمە وەک پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان وتوومانە کە ئەم گۆشەگیرییە ناڕەوا و نایاساییە قبوڵکراو نییە و زیندانییە سیاسییەکان و هەموو کۆمەڵگا بەئامانج دەگرن، ئێمە بەشێکین لە تێکۆشان دژی گۆشەگیری. لە ڕاستیدا دەوڵەت لە ساڵانی ڕابردوودا گۆشەگیری لەسەر هەموو زیندانیانی سیاسی سەپاندووە. ئامانجی دەوڵەت گۆشەگیرکردنی تەواوی کۆمەڵگایە. لە خەباتی دژ بە گۆشەگیریی کۆمەڵگا و زیندانیانی سیاسیدا ئاستێکی گرنگ بەدیهاتووە. بەڵام بۆ شکستپێهێنانی گۆشەگیری، پێویستە ئامانجی سەرەکی گەل ببێتە شکاندنی گۆشەگیریی.

ئایا ناڕەزایەتییەکان دژی سیاسەتی گۆشەگیریی دەوڵەتی تورک بەسە؟

بێگومان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی گۆشەگیریی دەوڵەتی تورک لە تورکیا، کوردستان، ئەوروپا و وڵاتانی جیاجیای جیهان ئەنجامدرا. کۆبوونەوەکان ئەنجام دەدرێن، ئیشکگریی دادپەروەری بەڕێوە دەچێت، ناوبەناو مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدرێت، لێدوانی ڕۆژنامەوانی دەدرێت و هتد. بەڵام بەو پێیە هێشتا ناڕەزایەتیانە تێرکەر نین، هێشتا لە دۆخێکدا نین کە بتوانین گۆشەگیریی بشکێنین و دەوڵەتی تورک درێژە بەگۆشەگیریی دەدات. پێویستە ناڕەزایەتی بەرفراوان ڕێکبخرێت. ئەگەر ئەمە نەکرێت، بارگرانیەکە دەکەوێتە سەر شانی زیندانییان و دەبێتە هۆی مەترسی لە سەر زیندانییان، پێویستە خاوەندارێتیەکانی دەرەوە پەرەی پێبدرێت.