سەرەڕای هێرش و دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای هێرش و دەستێوەردانی هێزەکانی دەوڵەت بەبێ ڕاوەستان بەردەامن. لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئێرانییەکان خوێندکار نەسرین قادری گیانی لەدەستدا.

خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاقی'ەوە دەستیپێکردووە و بە سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەتەوە و تاوەکو دێت زیاتر تەشەنە دەسەنێت.

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا، نەسرین قادری خەڵکی مەریوان و خوێندکاری زانکۆ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژرا.

هاووڵاتیاین لە مەریوان شەو ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاگریان لە ڕێگاکاندا کردەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

خۆپیشاندەرانیش لەگەڕەکی حەسەن ئاغای سنە لەسەر شەقام بوون و ئاگریان کردەوە.

هەروەها هاووڵاتییان شەوانە لە مەهاباد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هاوڵاتیان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان دەوتەوە.

دوکاندارەکانی سەقزیش دەرگای دوکانەکانیان بۆ پشتگیری خۆپیشاندانەکان داخست و بەو شێوەیە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی.

هاوکات لە تارانی پایتەخت و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندان بەردەوامە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا ٣٠٤ کەس کوژراون، کە ٤١ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە و ٩ کەسی تریان کچی منداڵن و ٣ کەسیش ئەفغانی بوون.

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، زۆرترین کوژرای خۆپیشاندانەکان لە سیستان و بەلووچستان، مازەندەران، تاران، سنە و گیلان دا بووە.

ژ.ت