سیاسەتمەداران و نووسەرانی دانیمارک بانگەوازێکیان بۆ سەرکردەکانی کورد بڵاوکردەوە

وەزیری دەرەوەی پێشووی دانیمارک و چەندین کەسایەتیی دانیمارکی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی باشووری کوردستان داوایان لە سەرکردەکانی کورد کرد بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە.

کەسایەتییەکانی دانیمارک لە نامەیەکدا بانگەوازێکیان بۆ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەگەری روودانی هەر شەڕێک لە ناو کورددا خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکات. راشیانگەیاندووە،  ئەو شەڕە زیان بەو کارانە دەگەیەنێت، کە بۆ چارەسەریی کێشەى کورد کراون.

لە بانگەوازی ئەو کەسایەتییە دانیمارکییانەدا هاتووە: "ئێمە؛ دۆستانی کورد لە دانیمارک بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو شەڕە دەکەین، کە ئێستا لە باشووری کوردستان بەردەوامیی هەیە. بە ناوی ئەم کەسانەوە، کە لە خوارەوە ناومان هاتووە، لە رێگەى ئەم نامەیەوە داوا لە سەرکردەکانی کورد دەکەین، کە لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەری بدۆزنەوە، بەو بەرپرسیارییە هەستن و بۆ بەرژەوەندیی کوردان یارمەتیدەر بن  لە دژی یەکتر شەڕ نەکەن".

ئەو کەسایەتییانە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەگەر شەڕێک لە نێوان کورداندا رووبدات ئەوان تووشی دژواری و ناڕەحەتیی زۆر دەبن لەوەدا، کە بۆ رای گشتیی دانیمارکی روون بکەنەوە، کە بۆ کورد لە بریی یەکێتی شەڕی یەکتر دەکات.

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەردۆغان بۆ ئەوەى رێگری لە یەکێتی، سەربەخۆی و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە ناوچەکەدا بگرێت، بۆ دروستکردنی ناکۆکی و هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان کورداندا هەموو توانا و دەرفەتەکان بەکار دەهێنێت.

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە، "ئێمە؛ دۆستانی ئێوە لە دانیمارک بە گرنگی دەزانین، کە رایبگەیەین، کوردستانێک کە هاوکاریی یەکتر بکات، خزمەت بە داهاتووی گەلی کورد و کوردستان دەکات".

ناوی ئەو کەسایەتییانەى نامەکەیان ئیمزا کردووە:

ئیڤا فلیڤهۆلم (Eva Flyvholm) پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سوور – سەوز لە پەرلەمانی دانیمارک.

ڤیلی سۆڤنداڵ (Villy Søvndal) وەزیری پێشووی دەرەوەی دانیمارک و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی گەلی سۆسیالیست.

ئوفی ئیلابیک (Uffe Elbæk) ئەندامی پەرلەمانی دانیمارک، پەرلەمانتاری پارتی سەوزی سەربەخۆ.

راسموس نۆردکڤیست (Rasmus Nordqvist) پەرلەمانتاری پارتی گەلی سۆسیالیست لە پەرلەمانی دانیمارک.

جۆناس ئیکا (Jonas Eika) نووسەری دانیمارکی و براوەى خەڵاتی ئەدەبیی ئەنجوومەنى سکاندیناڤیا بۆ ساڵی ٢٠١٩.

لینە بارفۆید (Line Barfoed) پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانیی سوور – سەوز لە پەرلەمانی دانیمارک.

ڤیلۆ سگوردسۆن (Villo Sigurdsson) سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک لە پارتی گەلی سۆسیالیست.

پیرنیلە فراهم (Pernille Frahm) پەرلەمانتاری پێشووی پارتی گەلی سۆسیالیست لە پەرلەمانی ئەوروپا.

ژیسپیر برانتدت (Jesper Brandt, MSc)، پرۆفیسۆری خانەنشینی زانست و ژینگە لە زانکۆی رۆسکلدی.

کریستیان ژوهل (Christian Juhl) پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سوور – سەوز لە پەرلەمانی دانیمارک.

ژ.ت