سیناتۆرێکی فەرەنسی: پشتگیری لە پەیامی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم

دەنگدانەوەی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕای گشتی بەردەوامە. سیناتۆری فەرەنسی، ئان سۆیریس دەربارەی ئەم بابەتە لە پەیامێکدا دووپاتی کردەوە پشتگیری لە پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ دەکات.

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆوە کۆبووەوە کە ئەوە ٢٦ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە هەلومەرجێکی سەختدا بەدیلگیراوە و ٤٣ مانگە مافی ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران دەستبەسەرکراوە. ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەی عومەر ئۆجالانی برازایەوە پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند گۆشەگیری بەردەوامە، گوتی "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، من ئەو هێزە تیۆریکی وپراکتیکیەم هەیە کە ئەو قۆناغە لە بوار و زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆ بواری یاسایی و سیاسی".

لە ئاستی نێونەتەوەیی پشتگیری بۆ دیدارەکە و پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە.

سیناتۆری فەرەنسی، ئان سۆیریس دەربارەی ئەم بابەتە لە هەژماری خۆی لە میدیای دیجیتاڵ دووپاتی کردەوە پشتگیری لە پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ دەکات و بانگەوازی لە فەرەنسا کرد، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

پەیامی سیناتۆری فەرەنسی، ئان سۆیریس بەم جۆرەیە: "دوای ٤٣ مانگ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا. ڕۆژێک دوای دیدارەکە، تورکیا بەرامبەر ئەو هێرشەی کە پەکەکە لەئەستۆی گرت، ڕۆژئاوای بۆردوومان کرد. پشتگیری لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان گەلی کورد و تورک. بۆ ڕێزگرتن لە مافە سەرەتاییەکانی هەمووان، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بە ڕێگەی هاوبەشی دیموکراتیک، پێویستە فەرەنسا سەرلەنوێ کاربکات بۆ دیالۆگی نێوان حکومەتی تورک و کەمەنەتەوەکان بەتایبەت کورد".