"تا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، گەلیش ئازاد نابێت"

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری لە چەند شارێک بەردەوامە و پەیامدرا: "تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، گەلیش ئازاد نابێت".

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەزمیر و ئێلح و ئامەد و ئیستەنبوڵ و مێردین بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی ئەزمیر نامەی زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن خوێنرایەوە و درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

لە خزمی زیندانیان شوکریە تونچ گوتی: "ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، گەلی کوردیش ئازاد نابێت. گۆشەگیری تەنها لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان نەسەپێنراوە. گەلی کوردیش گۆشەگیرکراوە. ئەگەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت، ئاشتی دێتە تورکیا، ئەگەر گۆشەگیری بەردەوام بێت، شەڕ بەردوام دەبێت. بەهۆی گۆشەگیریەوە تەواوی وڵات لەژێر فشاردایە، بەهۆی شەڕەوە مناڵانمان دەمرن. نامانەوێت ئەمە ڕووبدات. پێویستە کورد هەبوونی خۆی و دۆزەکەی لەبیر نەکات، خاوەنداری لە مانگرتن لە خواردن و ئێشکگری دادپەروەری بکات".

لە چالاکییەکەی ئامەد، یەک لە سەردانیکەران، عەبدولسەمەد بیچم گوتی: "ئەم سیستەمە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆنابێتەوە. ئێشکگری دایکان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و کۆتاییهێنان بە فشارەکان پیرۆزە، گەل لەگەڵ ئەواندایە".

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی، فیکرەت کارایەل ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای هەموو فشارەکان گەلی کورد خاوەنداری لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، ڕایگەیاند گۆشەگیری کاریگەری لە هەموو لایەک کردووە، گوتی: "گەلی کورد دوێنێ خاوەنداری لە ڕێبەرەکەی کرد، ئەمڕۆش خاوەنداری دەکات". داوای کرد هەموو گەلانی تورکیا پشتگیری لە تێکۆشانی ڕەوای کوردان بکات.

لە چالاکییەکەی مێردین، دایکی ئاشتی ڕەمزیە باخچەچی ڕایگەیاند تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە چالاکی دەدەن، گوتی: "پشتیوانی لەم چالاکییە ئازادی ئۆجالان دەهێنێت. ئازادی ئۆجالان، ئازادی هەموو زیندانیانە".