ته‌رمی ئاكارسه‌ل ره‌وانه‌ كرا، له‌و ماڵه‌ی تێیدای له‌دایكبوو مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ سازكرا

ته‌رمی ئه‌ندامی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاكارسه‌ل كه‌ له‌ سلێمانی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی تیرۆركرا، به‌ره‌و كۆنیا ره‌وانه‌ كرا. له‌و ماڵه‌ی كه‌ تیایدا له‌دایكببوو، مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ ئه‌نجامدرا.

ئه‌ندامی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژنۆلۆژی و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ژنۆلۆژی ئه‌كادیمی، نوسه‌ر، رۆژنامه‌وان ناگیهان ئاكارسه‌ل له‌ سلێمانی له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی چه‌كداری تیرۆركرابوو.

ته‌رمی ئاكارسه‌ل له‌ سلێمانیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ژنان به‌ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" به‌ره‌و كۆنیا ره‌وانه‌كرا.

پێشبینی ده‌كرێت ته‌رمی ئاكارسه‌ل رۆژی سێ شه‌ممه‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌م بگاته‌ ده‌زگای پزییشكی دادی ئه‌نقه‌ره‌.

ته‌رمی ئاكارسه‌ل له‌وێشه‌وه‌ ده‌ربردرێته‌ گه‌ڕه‌كی گۆلیازی ناوچه‌ی جیهانبه‌یلی كۆنیا.

چاوه‌ڕێده‌كرێت كه‌ مه‌راسیمێكی جه‌ماوه‌ری بۆ پێشوازی له‌ ته‌رمه‌كه‌ ساز بكرێت. به‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ بنه‌ماڵه‌ و هه‌ڤاڵانی ئاكارسه‌ل له‌و ماڵه‌ی تێیدا له‌دایكببوو 'گۆشه‌ی ناگیهان'یان ئاماده‌كردووه‌.

وێنه‌ی ئاكارسه‌ل تێیدا دانراوه‌، مۆم داگیرسێنراوه‌ و تاجه‌گوڵ دانراوه‌.

له‌ ماڵی بنه‌ماڵه‌ی ئاكارسه‌ل له‌ گۆلیازیه‌ سه‌ردانی پرسه‌ و سه‌رخۆشی ئه‌نجام ده‌درێت.

هـ . ب