تەرمی دۆستی کوردان چارالامبیدس بەخاکسپێردرا

تەرمی نووسەر و سیاسەتمەداری پۆنتۆسی و دۆستی کوردان میچالیس چارالامبیدس بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا.

دامەزرێنەری بزووتنەوەی سۆسیالیستی پانهێلێنک (PASOK)، نووسەر و سیاسەتمەداری پۆنتۆسی و دۆستی کوردان میچالیس چارالامبیدس لە تەمەنی ٧٣ ساڵی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی درێژخایەنەوە گیانی لەدەستدا. تەرمی چارالامبیدس بە مەراسیمێکی لە گۆڕستانی یەکەمی ئەسینا بەخاکسپێردرا.

بنەماڵە و هاوڕێکانی و نوێنەری پارتە سیاسیەکان و چەندین هاوڵاتی یۆنانی بەشداری مەراسیمەکە بوون. ئەندام و نوێنەرانی ناوەندی چاندی دیموکراتیکی کوردستان و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بەهەمانشێوە بەشداربوون.

نوێنەری پەیەدە لە یۆنان و بەڵقان، دکتۆر ئیبراهیم موسلیم لە مەراسیمەکەدا گوتی: " میچالیس دۆستێکی مەزنی کوردان بوو، دەیگوت پۆنتوس و گەلی کورد یەکن و بەرخۆدانیان یەکە. لە یۆنان لەپێناو کوردستان و گەلی کورد وەک گەریلایەک خەباتی کرد. هەرگیز لە خەبات پاشکەشەی نەکرد، خۆی وەک بەشێک لە تەڤگەری ئازادی کوردستان دەبینی و لەسەر ئەم بناغەیە خەباتی دەکرد. سیاسەتمەداری لەو جۆرە لە جیهاندا نەبوو. بێجگە لە سەرکەوتنی شۆڕش گرنگی بە هیچ نەدەدا، نە بەرژەوەندی کەسی و نە هیچ شتێکی دی. لای ئەو شتێک بەناوی "نامومکین" نەبوو، هەردەم دەیگوت "دەتوانین هەموو شتێک بکەین". بۆ هەڵگرتنی ستەمی مێژوویی سەر کورد و پۆنتۆسی و ئەرمەنییەکان و هەموو گەلان، تێدەکۆشا. بەرگری لە پێکەوەژیان دەکرد. لە نووسین و قسەکانیدا هەردەم دەیگوت "عەبدوڵا ئۆجالان باوکی دیموکراسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆیە پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت".

بنەماڵەکەی داوایان کرد لەبری تاجە گوڵینە، هاوکاری بکرێت بۆ بەدیهێنانی دوایین داواکاری چارالامبیدس بۆ ئاوەدانکردنەوەی کڵێسای گوندەکەی کە بەهۆی ئاگری مێریچەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو.