تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە خاوەنداری لە ئێشکگری دادپەروەری بکرێت
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەردانی ئێشکگری دادپەروەری کرد، بانگەوازی کرد بۆ خاوەندارێتی لە چالاکییەکە.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەردانی ئێشکگری دادپەروەری کرد، بانگەوازی کرد بۆ خاوەندارێتی لە چالاکییەکە.
چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و وان و ئامەد و ئێلح و ئەزمیر بەردەوام بوو.
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری چووە سەردانی چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ و بە چەپڵە و هەلهەلە و گوتنەوەی درووشم پێشوازی لێ کرا.
سەرەتا یەک لە چالاکوانان، فینجە ئاکمان گوتی: "تا گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵنەگیرێت، ئاشتی نایەتە ئەم وڵاتە. هەتا بەڕێز ئۆجالان و خزمەکانمان لە زیندان ئازاد نەکرێن، دەست لەم چالاکییە بەرنادەین".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری پاش سڵاوکردن لە چالاکییەکە، تیشکی خستەسەر گرنگی چالاکییەکان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "ئەمڕۆ بۆ هەڵگرتن و کۆتایهێنان بەو سیستەمی گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵییەوە بە هەموو تورکیادا بڵاوبۆتەوە، لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان چالاکی دەکرێت. زیندانیان دووپاتیان کردەوە، پاش هەڵبژاردن دەست بە چالاکی درێژخایەن و بێ نۆرە دەکەن. بۆ ئەوەی زیندانییەکان خراپ نەبێ و تورکیا لەم ڕەوشە دەربچێت، پێویستە هەنگاوی پێویست بنرێت. بڕوانین ئەمڕۆ دایکان بە درووشمی "بۆ دادپەروەری گۆشەگیری بشکێنن، بۆ ئاشتی جڤاکی ببنە دەنگی زیندان" بەردەوامن لە چالاکییەکان. پێویستە ئەمە لەلایەن هەموو گەلانی تورکیا بەتایبەت دایکانی تورکەوە ببیسترێت. ئەمڕۆ ئەگەر دایکێک کە ڕۆڵەکەی لە سندووقێکدا تەسلیم دەکرێت و دەڵێت "ئاشتیم دەوێت"، پێویستە هەموو دایکی سەربازەکانیش ئەمە ببیستن. چونکە پێداگری لەسەر کێشەی کورد، گۆشەگیری قووڵتر دەکاتەوە".
حاتەم ئۆغۆللاری دووپاتی کردەوە ئامانجی سەرەکی چالاکییەکان چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردە، وەستاندنی شەڕ و خوێنڕێژییە کە خواستی دەسەڵاتە، گوتی: "داخوازی دایکان، داخوازی ئێمەیە، تێکۆشانی ئەوان، تێکۆشانی ئێمەیە. دەسەڵات ناچارە نرخاندن بۆ قۆناغەکە بکات. ئێمە وەک دەم پارتی دەڵێین، با پێکەوە گۆشەگیری بشکێنین و بۆ چارەسەری پرسی کورد، پرۆسەی دیالۆگ دەست پێ بکەین، گەلی کورد لەمێژە شایستەی ئەم ئاشتیەیە، وەرن پێکەوە پردی ئاشتی بونیاد بنێین".
هەروەها لە چالاکییەکەی ئەزمیر، دایکی دەنیز پۆیراز، فەهیمە پۆیراز ناڕەزایەتی بەرامبەر سی پی تی دەربڕی کە هاتۆتە تورکیا و سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی نەکردووە، داوای کرد سی پی تی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ڕایگەیاند ئەو بێ یاساییەی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرێوەدەبرێت، نێونەتەوەییە. جەختی کردەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری تێدەکۆشێت، لەم پێناوەدا دەبێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.