تەژەکە- ئە بانگەوازدەکات بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی ١٥ ـی نیسان

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە- ئە) بانگەوازی کرد بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانی ١٥ ـی نیسان لە شاری دۆسڵدرۆفی ئەڵمانیا و دەڵێت: «با پێکەوە کۆبینەوە لەپێناو ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان».

لە ڕاگەیاندراوی تەڤگەرەکەدا هاتووە: «هێزە بەهەژموونەکانی جیهان کە سەدان ساڵە جوگرافیای کوردستان وەک ناوچەیەکی کۆڵۆنی دەبینن، گۆشەگیرییەکی توندیان سەپاندووە بەسەر ڕێبەر ئۆجالان کە ئافرێنەری ژیانەوەیەکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەند بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک «زیندانییەکی سیاسی» دەناسرێت، کەچی ٢٤ ساڵە بەهۆی سیاسەتە نایاساییەکانی ئەردۆگان و هاوپەیمانێتییە فاشیستییەکەی لەگەڵ مەهەپە زیندانیکراوە، هەروەها بۆ ماوەی ٢ ساڵە، ڕێگەنادرێت چاوی بە خێزان و پارێزەرەکانی بکەوێت».

هەر بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە: «وەک هەموو جارێک، ئەو ڕێکخراوانەی بۆ هەموو پرسێکی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی ڕاگەیاندراو بڵاودەکەنەوە، هەرکات دێتە سەر باسی گەلی کورد و بەها کوردستانییەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، لیژنەی بەگژاچوونەوە ئەشکەنجەدان (CPT) لەدەرەوەی ئامانجەکانی خۆیەوە مامەڵە دەکات، هاوکاری ئەو دەسەڵاتانە دەکات کە دژی هەموو ڕێکخراو و یاسایەک دەجووڵێنەوە، بەنیسبەت ئێمەی گەلی کورد و دۆستەکانمانەوە، ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە».

«پێکەوە لە ١٥ ـی نیسان کۆدەبینەوە بۆ شکاندنی گۆشەگیری»

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «ئەو چەمکی لەناوبردن و گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵی جێبەجێ دەکرێت بەگوێرەی سیاسەتی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت، ئەو پارادایمە کۆمەڵایەتییەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەست بە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێشکەشی کردووە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە مایەی پەرەسەندنی دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی لەرزۆکبوونی ئەو هێزە ئیمپریالیستانەی لەپشتی ئەو پشێویی و قەیرانانەوە وەستاون کە بەردەوام لە ناوچەکە ڕوودەدەن، ئەردۆگان و هاوپەیمانەکانی دەزانن لە هەڵبژاردنی ١٤ ـی ئایار شکست دەهێنن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر هەموو ئەو کارانەی دژی مرۆڤایەتی پێی هەستاون.

بەرخۆدان و خەباتی گەل سەردەکەوێت بەسەر ئەو سیاسەتەی دەیانەوێت دووبارە بیسەپێنن بەسەر ناوچەکەدا، لەگەڵ یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا؛ هەروەها ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمراڵی دەسەپێنرێت بەسەر مافی گەلی کورد بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان، هیچ جیاوازییەکی نییە لە چەمکەکانی نکۆڵیکردن و وێرانکردن و شەڕ، ژنی کورد هەرگیز بەم چەمکانە ڕازی نابێت کە دەیانەوێت بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا بیسەپێنن».

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە هەموو ژنان کراوە پێکەوە کۆببنەوە لە ڕێپێوانی ١٥ ـی نیسان لە دۆسڵدرۆف، لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەپێنراوی ئیمراڵی. 

ف.ق