وەڵامی ئەنجومەنی ئەوروپا، دادگای مافەکانی مرۆڤ و سی پی تی بۆ نامەکان لەبارەی گۆشەگیری

کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی رێگری لە ئەسکەنجە (سی پی تی) وەڵامی ئەو نامانەیان دایەوە کە لەبارەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئاراستەیان کرابوو.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا وەڵامی مامۆستای زانکۆی بێرگن کاریان وێسترهایم دایەوە کە وێسترهایم بە نوێنەرایەتی ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ سەبارەت بە دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەیەکیان نوسیبوو. بەرپرسی دادگای مافەکانی مرۆڤ ماریالێنا تسیرلی تەنیا سپاسی خۆی ئاراستەی وێسترهایم کردووە و سەرنجی بۆ سەر بابەتی هەلومەرجی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان راکێشاوە.

لەوبارەوە کاریان وێسترهایم نامەیەکی نوێی ئاراستەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و داوای کردووە دادگاکە لە پرسی ناردنی شاندێک بۆ ئیمراڵی بەرپرسیارێتی  خۆی بەجێبگەیەنێت و بە بیری هێنایەوە کە کۆمیتەی وەیزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەرپرسیارن بەرامبەر بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئەوروپا.

دادگای مافکانی مرۆڤ، ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی بەرپرسیارن

کاریان وێسترهایم لە نامەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، "پەیوەندی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ دەرەوە ماوەی ٤٢ مانگە پچڕاوە. ئەوەش بۆ گەلی کورد، بنەماڵەکەی و بۆ پارێزەرانی کە زۆر جار داوای داواکارییەکەیان بۆ دیدار رەتدەکرێتەوە، مایەی خەمباری و نیگەرانییە. لەبەر ئەوەی تورکیا وڵاتێکی ئەندامە، بۆ ئەوەی سی پی تی یاخود ئەنجومەنی ئەوروپا سەردانێک بۆ ئیمراڵی ئەنجام بدەن، دەتوانێت گوشار بخاتە سەر تورکیا. من دووبارە سپاسی خۆم پێشکەش بە سەرۆکی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەکەم کە وەڵامی دایەوە. هەروەها من دەمەوێت ئێمە لەگەڵ کۆمیتەکانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵ بدەن شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکەن".

وەڵامی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا

هەروەها وەزیری کاروباری دەرەوە و سەرۆکی کۆمیتەی وەزیران گابرییەلیوس لاندسبێرگس وەڵامی نامەی وێسترهایمی دایەوە، کە بۆ کۆمیتەی وەزیرانی ناردبوو.

لاندسبێرگیس لەنامەکەیدا رایگەیاندبوو، کە لە کۆبوونەوەی ١٥٠٧ەمینی کۆمیتەی وەزیران هەلومەرجی زیندانیکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ دەکرێت و وتی، "وەک سەرۆکایەتی کۆمیتەی وەزیران لە لیتڤانیا دەتوانم گەرنتی بدەم کە کۆمیتەکە بەردەوام چاودێری ئەوە دەکات کە ئایا دەوڵەتانی ئەندام بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن یاخود نا."

دەبێت کۆمیتەی وەزیران گوشار بخاتە سەر تورکیا

کاریان وێسترهایم بەم جۆرە وەڵامی نامەکەی لاندسبێرگسی داوەتەوە: "ئێمە دڵخۆشبووین کە بیستمان سەرۆکایەتی لیتوانیا لە کۆمیتەی وەزیران چاودێری ئەوە دەکەن کە وڵاتانی ئەندام بەرپرسیارێتیان بە تەواوەتی جێبەجێ دەکەن یان نا. ئەوە زانیارییەکی ئەرێنیە، بەڵام ئەزمون دەریدەخات کە تورکیا زۆر گوێ بە بانگەوازی بەو جۆرە نادات و لەبەر ئەوەش بە کردەوە هیچ گۆڕانکارییەک نایاتە ئاراوە. هەربۆیە داوادەکەین بانگەواز لە کۆمیتەی وەیزران بکەن بۆ ئەوەی شاندێک رەوانەی دوورگەی ئیمراڵی بکەن، لە هەلومەرجی تەندروستی و دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکۆڵنەوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕدراوەتەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ٤٢ مانگە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە دەرەوە نەماوە، ئەوەش بۆ بنەماڵە و پارێزەرانی مایەی خەم و پەژارەیەکی گەورەیە. تورکیا دەوڵەتێکی ئەندامە، هەربۆیە کۆمیتەی وەیزرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەتوانێت گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی رێگە بدات بە سەردانی شاندێک".

سی پی تی تەنیا وتی 'ئێمە چاودێری دەکەین'

سەرۆکی سی پی تی ئالان میشێلیش وەڵامی نامەی پەرلەمانتاری ئیسپانیا جۆرج پویۆ سانزی دایەوە و رایگەیاند کە سی پی تی لە نزیکەوە چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە لە ئیمراڵی زیندانین و سەرنجی راکێشا بۆ سەر سەردانەکەی ئەیلولی ٢٠٢٢ بۆ ئیمراڵی. میچێل ئەوەی خستەڕوو کە سەبارەت بە دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە کە لەگەڵیدان، گفتوگۆکانی سی پی تی و کاربەدەستانی تورک بەردەوامە و وتی، کۆمیتەکە بە بەردەوامی چاودێری دۆخی زیندانیانی ئیمراڵی دەکات.