وەزیر داخوازی چاوپێکەوتنی بنەماڵەی شەنیاشاری ڕەتکردەوە
وەزیری داد، داخوازی چاوپێکەوتنی ئامینە شەنیاشاری ڕەتکردەوە کە لەپێناو ماڵباتە کوژراوەکەی بەرخۆدان دەکات.
وەزیری داد، داخوازی چاوپێکەوتنی ئامینە شەنیاشاری ڕەتکردەوە کە لەپێناو ماڵباتە کوژراوەکەی بەرخۆدان دەکات.
خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. بنەماڵەکە ئێشکگرییەکەی خۆیان لە ڕحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئێشکگرییەکە لە ٢٤ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە. بنەماڵەی شەنیاشار چوونە بەردەم وەزارەت و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
ئامینە شەنیاشار لە ڕاگەیاندراوەکەدا تابلۆی "دادپەروەری" هەڵگرت. فەرید شەنیاشار ئاماژەی بەوە کرد، دایکی نەخۆشە بەڵام هەموو ڕۆژێک بە کورسی گەڕۆک دێتە بەردەم وەزارەت.
داخوازییەکانیان چییە؟
شەنیاشار ئاماژەی بەوە کرد، داوایان لە وەزارەتی داد هەیە و گوتی: "داوامان ئەوە نییە دەستوەران لە دادگا بکرێت، بەڵکو ڕێگرییە لەو کەسانەی دەستوەردان لە دادگا دەکەن. دەستێک هەیە دەستوەردان لە دادگادا دەکات. دەخوازین ئەم دەستە ڕابگیرێت. براکەمان بێ تاوانە. ئەوە ٥ ساڵە لە زیندانە. دیمەنی کامێراکان هەیە. ڕاپۆرتی کەسانی پسپۆڕ هەیە. ئەمە بەڵگەن بۆ بێ تاوانی براکەم. سەرەڕای بەڵگەکان کەچی براکەم لە زیندانە. ٣ کەسی ئێمە کوژراون. کەسێکی ئێمە بەبێ تاوان و بە ناحەقی لە زیندانە".
شەنیاشار ڕایگەیاند، بەم هۆیەوە دایکی ناچێتە ماڵەوە و پێکەوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
داخوازییەکەیان ڕەتکرایەوە
پاشان بنەماڵەی شەنیاشار بەرەو وەزارەتی دادگا ڕێپێوانیان کرد. ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، نورای چەویرمەن و هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئاسلی ساراچ، بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. بەڵام پۆلیس ڕێگەی لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ گرت و نەیهێشت بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن. هەروەها پۆلیس نەیهێشت ڕۆژنامەوانەکان دیمەن و وێنە بگرن. بنەماڵەی شەنیاشار، هاتنە بەردەم وەزارەتی داد و ویستیان چاویان بە وەزیر بکەوێت. بەڕێوەبەرانی وەزارەت ڕایانگەیاند، وەزیر نایەوێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکات. بنەماڵەکە لەبەردەم وەزارەت درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا.