ئاگرکەوتنەوە نییە، کوشتنی کۆمەڵایەتییە

حیلمی مینات لە نوسینگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەمەپە ئاماژەی بە مردنی ٩ پەنابەری سوری لە بورسا کە هەشتیان منداڵ بوون، کرد و وتی، ئەگەر رێکاری پێویست لە پێناو زەحمەتکێشانی سوری و تورکیەیی نەگیرێتەبەر، رۆژ لە دوای رۆژ هەژارتر دەبن و کێشەکان قورستر دەبن.

لەناوچەی یڵدرمی بورسا ئێوارەی سێ شەممە بە هۆی گڕگرتنی سۆپاوە ٩ مرۆڤی خەڵکی سوریا ژیانیان لەدەستدا، کە هەشتیان منداڵ بوون. تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی پەنابەران لە تورکیا، هەژاری، هەژاری کە دەبێتە هۆکاری رووداوی لەم چەشنە، لەم رووداوەی ئەم دواییەدا بە روونی ئاشکرابوو.  حسێن ئەلجەسیم کە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستدا، کرێکارێکی رستن و چنینە و لەهەمان کاتدا کاغەز و کارتۆن کۆدەکاتەوە و بەو جۆرە هەوڵی دەدا کە بنەماڵەکەی بەخێوبکات. لەو منداڵانەشی لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستدا دووانیان کرێکاری کارگەی رستن و چنین بوون و بە کرێکاری منداڵ دادەنران.

لە نوسینگەی پەنابەران وکۆچبەرانی ئەمەپە حیلمی مینات لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەوانەی دەڵێن پەنابەران بە بەلاش دەژین با لەم وێنەیە بڕوانن

مینات ئەو رووداوەی وەک تاوانێکی کۆمەڵایەتی پێناسە کرد و وتی، "لە ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان، ئاگرکەوتنەوە لە کارگەکان، بومەلەرزە، لافاو بەردەوام هەژارەکان دەمرن و ئەمە رێکەوت نییە. لێرەدا راستییەکی کۆمەڵایەتی هەیە و تاوانێکی کۆمەڵایەتی ئەنجامدراوە. هەر مردنێک لە ئەنجامی هەژاری تاوانێکی کوشتنی کۆمەڵایەتییە.

بنەماڵەکە لە شەڕ رایان کردووە و ساڵی ٢٠١٧ روویان کردووەتە تورکیا. باوکەکە کرێکاری رستن و چنینە، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی بنەماڵەکەی دابین بکات کاغەز و کارتۆن کۆدەکاتەوە. دوو منداڵیش کە گیانیان لەدەستداوە لە کارگەی رستن و چنین کاریان دەکرد. گوایە پارێزراو بوون، بەڵام هەلومەرجی ژیان و ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دەریدەخات کە ئەوان پارێزراو نەبوون. ئەوانەی دەڵێن 'پەنابەر لەم وڵاتە بە بەلاش و خۆڕایی دەژین' بالە وێنەکانی ئەو بنەماڵەیە بڕوانن.

مینات ئەوەشی خستەڕوو کە لە زستاندا توانای گەرمکردنەوەی منداڵەکان بۆ بنەماڵەکان دەبێتە گەورەترین کێشە و وتی، "شوێنی حەوانەوە، گەرمکردنەوە، ژیانێکی مرۆڤانە نەک هەر بۆ سورییەکان بەڵکوو بۆ هەموو رەنجدەر و زەحمەتکێشانی تورکیا کێشەیەکی هاوبەشە. هەلومەرجی ناپارێزراو بۆ هەموویان کێشەیە. بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەو جۆرە نەمرن دەبێت هەنگاو بنرێت.ئێمە جارێکی تر سەرەخۆشی لە خوشک و برا کرێکارەکانمان دەکەین و لە دژی تاوانی کوشتنی کۆمەڵایەتی بە هۆی هەژارییەوە و لە بەرامبەر هەژاری داوای تێکۆشانی هاوبەش دەکەین".

هـ ب