ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە، لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف لە ئیمراڵی لە نێو هەلومەرجێکی دژوار دا گۆشەگیر کراوە. داواکاری دیداری بنەماڵە و پارێزەرانی بە پاساوی 'سزای دیسیپلین' ڕەتدەکرێتەوە. ئەو دۆخەش لایەنگرانی دیموکراسی، بەتایبەتی گەلی کورد و دۆستەکانی نیگەران کردووە.
شەوکەت ئاکدەمیر، ئەندامی دەستەی فەخری ناوەندی گشتی ئیهەدە، بە بیری هێنایەوە، نزیکەی ٣ ساڵە گۆشەگیریی توند بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سەپێنراوە و وتی: نە لە نێو یاساکانی تورکیا و نە یاسا نێونەتەوەییەکان گۆشەگیرییەکی لەمجۆرە نەبینراوە.
ئاکدەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مافانەی سەرجەم زیندانیانی تورکیا سوودی لێوەردەگرن، پێویستە عەبدوڵا ئۆجالانیش بتوانێت سوودی لێوەربگرێت و وتی: "وەک هەر کەسێک، مافی خۆیەتی هەفتەی جارێک بە تەلەفۆن قسە بکات، دیداری ڕووبەڕوو ئەنجام بدات. ئەو مافە لە یاساکانی تورکیا بە ڕوونی دیاریکراوە، ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، دژی یاساکانە، دژی دەستووری هەمیشەییە."
'ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕوون و بەرجستەن'
ئاکدەمیر ڕایگەیاند، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، کاریگەری لەسەر زیندانەکانی دیکەش هەیە و وتی: ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت، تەنیا بە یەک وتە هەناسە بەبەر تورکیادا بکات.
ئاکدەمیر بە بیری هێنایەوە، نزیکەی ٤٠ ساڵە شەڕ بەردەوامە. بەهۆی بەردەوامی ئەم شەڕەوە ئابووری شکستی هێناوە، کەس نازانێت ئابووری تورکیا بەرەو کوێ دەڕوات، بۆیە پێویستە سەندیکای پارێزەران بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بکرێتەوە، دەست بە جوڵە بکات و هەنگاو بنێت. سەرەڕای لایەنە سیاسییەکان، هەموو ئەو کەسانەی وڵاتەکەیان خۆشدەوێت، پێویستە بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و کردنەوەی ڕێگەی ئاشتی تێکوشان بکەن.
شەوکەت ئاکدەمیر دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، ڕێگە لەبەردەم تورکیا دەکرێتەوە و تورکیاش دەبێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە هەڵگرتنی گۆشەگیری، گرانی و قەیرانی ئابووری نامێنن، هەڵاوسانی بەرزیش کۆتایی پێدێت. سەرچاوەی بنەڕەتی هەموو کێشەکان گۆشەگیری و کێشەی کوردە. هەموو ئەمانە پێکەوە گرێدراون. واتە ئەوکات ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات دەگەڕێتەوە. پرسی کورد پرسێکی ١٠٠ ساڵە و٢٠٠ ساڵەیە. لەمڕۆدا کەس ناتوانێت باسی دیموکراسی لە وڵاتدا بکات. پەرلەمانێک لێدوانێک دەدات، بەڵام دەستگیر دەکرێت. بەپێی یاساکان پەرلەمانتاران پارێزبەندییان هەیە، بۆیە ناتوانن دەستگیریان بکەن. ئەمە پشت بە چی دەبەستێت؟ پەیوەندی بە کێشەی کوردەوە هەیە. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکرایە، هیچ کام لەو کێشانە بوونیان نەدەبوو. ئەندەشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕوون و بەرجەستەن. پێکەوە ژیانی ئاشیانەی هەردوو گەل. کاتێک ئاشتی هەبێت ئاهێک بەبەر هەموان دێتەوە. نابێت خەڵک لە ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بترسن. ئەندێشەکانی بێ زیانن. هەربۆیە دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنرێت".
ژ.ن