ئاتا: كوردستانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بۆ توركیایه‌كی دیموكراتیك ده‌بێته‌ پێویستیه‌ك

چالاكوانی ته‌ژه‌ئا ئایلا ئاكات ئاتا باسی له‌وه‌كرد، كه‌ "كوردستان" راستیه‌كی مێژووییه‌ و وتی: "كوردستانی دیموكراتیكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بۆ دیموكراتیككردنی توركیا پێویستییه‌كه‌".

ده‌هه‌مین دانیشتنی دۆسیه‌ی كۆبانێ له‌ چواره‌م رۆژدا له‌ دادگای سزای قورس له‌ كه‌مپی زیندانی سینجانی ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌. هاوسه‌رۆكانی گشتیی پێشووی هه‌ده‌په‌ و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی (مه‌یه‌كه‌) و هه‌ده‌په‌ش له‌ نێوانیادان، ١٠٨ سیاسه‌تمه‌دار كه‌ ٢٢ كه‌سیان له‌ زینداندان، دادگایی ده‌كرێن.

 دانیشتنه‌كه‌ به‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ و به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌ و په‌ڕاوانه‌ی له‌ دۆسیه‌كه‌ زیاد كراون ده‌ستیپێكرد. دانیشتنه‌كه‌ به‌ به‌رگری له‌ خۆكردنی په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌ده‌په‌ و چالاكوانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی ئازاد (ته‌ژه‌ئا) ئایلا ئاكات ئاتا درێژه‌ی پێدرا. ئاتا باسی له‌وه‌كرد كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كه‌جه‌ده‌ له‌ ئامه‌د قه‌ده‌غه‌ و نایاسایی كراون و ئه‌نجامنامه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ بۆ رای گشتیی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

ئاتا سه‌رنجی بۆ سه‌ر ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌جه‌كه‌ راكێشا و وتی، "كه‌سێك نه‌ماوه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌جه‌كه‌دا دادگایی نه‌كرابێت. پارێزه‌ر، سیاسه‌تمه‌دار، رۆژنامه‌وان، ئه‌كادیمیه‌كان.. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ كێوه‌ كردووه‌، دۆسیه‌ی كه‌جه‌كه‌یان هه‌بوو".

  ئاتا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و تویتانه‌ی كه‌ بڵاویان كردوه‌ته‌وه‌ خراوه‌ته‌ داواكارینامه‌كه‌وه‌ و به‌م جۆره‌ دووا: "من سیاسه‌تمه‌دارم. له‌ هه‌موو رووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا خاوه‌نی بیروڕام. ئێمه‌ خۆمان له‌ ناو خه‌باتێكدا بینیه‌وه‌ و ره‌نجماندا. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من له‌ باره‌ی بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تویت بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌. من پێشتریش به‌ هۆی ئه‌و تویتانه‌وه‌ دادگایی كرابووم. به‌ڵام دادگا سه‌رله‌نوێ به‌ هۆی ئه‌و تویتانه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌كات و من دادگایی ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پاساوه‌كه‌ ته‌نیا تویت بێت تویته‌كانی من له‌ ساڵی ٢٠١٢ه‌وه‌ تا ساڵی ٢٠١٩ له‌م دۆسیه‌دا چی ده‌كه‌ن. ئه‌و تویتانه‌ی كه‌ من له‌ چالاكیه‌كانی ٦-٨ی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوم كردنه‌وه‌، وه‌ك تاوان نیشان دراون. ئه‌مه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ نابنه‌ تاوان. من زۆر تویتم به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌شه‌كه‌ هێور بێته‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌. من رامگه‌یاند ‌من له‌گه‌ڵ كۆبانێدام‘. ئه‌گه‌ر ئه‌و تویته‌ تاوانه‌ ته‌نیا تاوانێكی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یاساكانی رێپێوان و خۆپیشاندان. ده‌وڵه‌تیش ده‌زانێت كه‌ ژنان بۆ هه‌موو قوربانیدانێك ئاماده‌ن. له‌ دۆسیه‌كه‌دا ژنه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان له‌ پیاوان زیاترن. ئه‌و دۆسیه‌ ته‌نیا له‌ دژی كوردان و هه‌ده‌په‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و دۆسیه‌ له‌ هه‌مان كاتدا له‌ دژی ژنان كراوه‌ته‌وه‌".

ئاتا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ لێدوانه‌كه‌ی وه‌ك به‌ڵگه‌ی تاوان پێشكه‌شی دۆسیه‌كه‌ كراوه‌ و به‌م جۆره‌ دووا: " لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان له‌ دۆسیه‌كه‌دا هه‌رهه‌موویان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراون. ئێوه‌ له‌ لقی ئاسایش داوای ته‌واوی ده‌قه‌كان بكه‌ن. به‌وه‌ باشتر تێده‌گه‌ن. له‌ دۆسیه‌كه‌دا پێناسه‌ی ‌گوایه‌ هه‌واڵ‘ وترا. لێدوانه‌كانم هه‌موو له‌ ئاستی هه‌واڵدان. له‌و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیانه‌ی كه‌ من به‌شداربووم پلاكاردی ‘ئێمه‌ لایه‌نگری مردن نین، لایه‌نگری ژیانین‘ هه‌ڵدراون. ئایا ئه‌گه‌ر مرۆڤ لایه‌نگری ژیان بێت تاوانه‌؟ من له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتم، ‘كوردستان به‌شێكی ئه‌م جوگرافیایه‌یه‌‘. له‌ دۆسیه‌كه‌دا كراوه‌ته‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ من داوای دامه‌زراندنی كوردستان ده‌كه‌م. من له‌وێ باسی سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌م نه‌كردووه‌ من باسی راستییه‌كی مێژووییم كردووه‌. به‌ڵام دیسانیش ده‌مه‌وێت بڵێم، كوردستانی دیموكراتیكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بۆ دیموكراتیك كردنی توركیا پێویستییه‌كی سه‌ره‌كیه‌".

هـ . ب