ئێشکگری دادپەروەری: ٤ ی نیسان و سەرکەوتنی دەم پارتی پیرۆز کرا

دایکان لە ئێشکگری دادپەروەری ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرکەوتنی دەم پارتیان پیرۆز کرد.

خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و مێردین و ئێلح بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی ئامەد دایکان تیشکیان خستەسەر ٤ ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی "ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز سەرۆکم"یان بەرزکردەوە.

لە چالاکییەکەدا یەک لە سەردانیکەران بە ناوی سافیە سەزگین گوتی: "٣ ڕۆژی تر یادی لەدایکبوونی ڕێبەرێتییە. ڕێبەرمان ٢٥ ساڵە لە زیندانە. لەنێو ٤ دیواردا زیندانیکراوە. بەڵام هەردەم دژی ئەم سیستەمە فاشیستە دەوەستینەوە. ڕێبەرێتی هەموو شتێکی ئێمەیە. بەبێ ڕێبەرێتی دادپەروەریش نایەتەدی". پاشان داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد.

لە چالاکییەکەی ئێلح، چالاکوان هەردەم کۆچەر تیشکی ئاماژەی کرد بە سەرکەوتنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، هەروەها داوای مەزنکردنی تێکۆشانی کرد بۆ شکاندنی گۆشەگیری.