ئێشکگری دادپەروەری دژی گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوامە

بنەماڵەی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. لە ئێشکگرییەکەدا دووپاتکرایەوە ئازادی گەل بە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گرێدراوە.

ئێشکگری خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شارەکانی مێردین و ئامەد و ئێلح و ئیستەنبوڵ بەردەوامە، لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە کادرانی پەکەکە، فەرهاد کورتای و ٣ هەڤاڵی کاتی کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٨٠ لە زیندانی ئامەد دژی ئەشکەنجە ئاگری لە جەستەی بەردا، خوشکی فەرهاد کورتای، ڕابیعە کورتای لە چالاکییەکەی مێردین گوتی: "دەمانەوێت ڕێگەی ئاشتی بکرێتەوە، دەمانەوێت ڕۆڵەکانمان ئازاد ببن. هەردەم لە زیندانەکان ڕادەگیرێن. ئێمە داوای چ دەکەین؟ داوای مافی مرۆڤ و زمانی خۆمان دەکەین. داوای خێر لە کەس ناکەین. ئەمە دۆزی ئێمەیە. ئێمە بۆ ئەم دۆزە لە ئێشکگریداین. ئێمە یەکسانی و مافی خۆمان دەوێت".

لە چالاکییەکەی ئامەد، پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا گۆکای ئاکبولوت لەگەڵ شاندێک بۆ چاودێری هەڵبژاردن لە ئەڵمانیاوە سەردانیان کرد. شاندەکە گوێیان لە داوای خزمی زیندانیان گرت و پشتیوانی خۆیان دەربڕی.

خزمی زیندانیان داوایان کرد فشاری نێو زیندانەکان کۆتایی بێت و  دووپاتیان کردەوە درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

لە چالاکییەکەی ئێلح، سافورە ئاکین دایکی زیندانی یونس ئاکین، ڕایگەیاند زیاتر لە مانگێکە کوڕەکەی لە زیندان لە گۆشەگیرییەکی تونددایە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توند دەبێتەوە، داوای هەستیاری لە ڕای گشتی کرد و گوتی: "کوڕەکەم هەردەم دەڵێت، هەڕەشەی مردنمان لێ دەکەن، خاوەنداریمان لێ بکەن".

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ، چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) خەجێ باشکال تیشکی خستەسەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "تا گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان نەشکێت و ئازادی جەستەیی مسۆگەر نەکرێت، کەس ئازاد نابێت".