ئەو سەرکردەیەی داعش کە چەند ساڵ بەدوایدا دەگەڕان لە تورکیا دەستگیرکراوە

سامی کازم ئەلجەبوری، ڕێبەری داعش لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری عێراق لە تورکیا دەستگیرکراوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، لە تویتەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سامی جاسم ئەلجەبوری جێگری پێشووی ئەبوبەکر بەغدادی، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی عێراق لە دەرەوەی سنورە دەستگیرکراوە.

کازمی ئاشکرای نەکرد کە چەتەی داعش لە کوێ دەستگیرکراوە و وتی: "قارەمانانی هێزە ئەمنییەکان بەرگرییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە" و ڕایگەیاند، ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی ڕۆژی یەکشەممەیە.

هاوکات یەکێک لە بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ( AFP)ی ڕاگەیاند، ئەو سەرکردەیەى داعش لە 'تورکیا' دەستگیرکراوە، بەڵام زانیاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتی و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەوە نەداوە.

دەوڵەتی تورک، کە چەتەکانی لە ناو خۆیدا شاردووەتەوە هیچ لێدوانێک، یان ناڕەززایەتییەکی لەوباریەوە بڵاونەکردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی عێراق، سامی جاسم ئەلجەبوری یەکێک لەو کەسانە بوو، کە لە ئاستی نێونەتەوەیەدا زۆرترین هەوڵ و گەڕانیان بۆ دۆزینەوەى داوە،چونکە یەکێکە لە نزیکترین کەسەکان بۆ سەرکردەی ئێستای چەتەکان، ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوراچی. هاوکات ئەلجەبوری بەرپرسی فایلە ئابوری و داراییەکانی داعشیشە.

دوای ئەوەی بەغدادی خۆی بە 'خەلیفە' ڕاگەیاند، پاش چەند هەفتەیەک سامی کازم ئەلجەبوری بووە 'سەرۆکی ئەنجومەنی شەریعەت و فەرماندەی دووەمی موسڵ'ی داعش.

هاوکات جەبوری " یاریدەدەری " داعش بوو لە موسڵ بۆ کاروباری دارایی داعش. هەروەها بەرپرس بوو لە فرۆشتنی نەوت و گاز و کەلوپەلی شوێنەوار و فرۆشتنی کەرەستەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاری لەسەر سامی کازم ئەلجەبوری ڕاگەیاندبوو.

ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی ئەمریکا ناوی خستبووە ناو لیستی داواکاراوانی تایبەت لە جیهاندا.

ژ.ت