ئیهەدە کۆنفرانسی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی ئەنجام دەدات

لقی ئامەدی ئیهەدە "کۆنفرانسی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی" ئەنجام دەدات.

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ١٦-١٧ ی ئادار لە ئامەد "کۆنفرانسی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی" ئەنجام دەدات، پێش کۆنفرانسەکە لە بینای کۆمەڵەکە زانیاری درایە ڕۆژنامەوانەکان. سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە، ئەرجان یەڵماز زانیاری دەربارەی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە دایە ڕۆژنامەوانان و گوێی لە سەرنجی ڕۆژنامەوانان گرت.

چاوەڕوان دەکرێت لانی کەم ١١٠ کەس بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.

بەپێی بەرنامەی کۆنفرانسەکە لە ١٦ ی ئادار سێ دانیشتن بەڕێوەدەچن بە ناونیشانەکانی "ئەزموونی چارەسەری شەڕ و پرۆسەکانی ئاشتی لە جیهان" و "لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد" و " لە سەدەی دووەمی کۆمار، ئاخۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا مومکینە؟".

هەروەها لە ١٧ ی ئادار سێ دانیشتنی دیکە بەڕێوەدەچن بە ناونیشانەکانی "ڕۆڵی جڤاکی مەدەنی لە پێکهێنانی ئاشتی" و "ڕۆڵی ژنان لە پێکهێنانی ئاشتی" و "سیاسەت و ئاشتی"  بەڕێوەدەچن.

پاشان ڕاگۆڕینەوە و نرخاندن ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت دواتر ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە ئاشکرا بکرێت.