ئیهەدە: لە باکووری کوردستان لە ساڵێکدا ٧٤٣١ پێشێلکاری جۆربەجۆر ئەنجام دراوە

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی پێشلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد ٧ هەزار و ٤٣٥ پێشلکاری جۆربەجۆری مافەکانی مرۆڤ کراوە و هەروەها مافی ژیانی ١١٧ مەدەنی پێشلکراوە.

ڕاپۆرتی ٢٠٢٤ی ئیهەدە

لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بینای لقی ئامەدی ئیهەدە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی لە باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەموو پێشلکارییەکانی وەک سەپاندی قەیوم، دەستگیرکردن و خستنەزیندان، گواستنەوەی زۆرە ملێی زیندانیان، سەپاندنی گۆشەگیری بەسەر زیندانیاندا و هەروەها دواخستنی بەردانی زیندانیان، کوشتنی هاوڵاتییان مەدەنی و ئەندامی پارتە سیاسییەکان، کوشتنی منداڵ و ژنان خراونەتە ڕوو کە لە شارەکانی باکووری کورستان ئەنجام دراوون.

جێگری هاوسەرۆکانی گشتی ئیهەدە، ڕوومەیسا دەنیز بەشێکی پێشلکارییەکانی بەم شێوەیەخستەڕوو:

  • سەپاندنی حەوت قەیوم بەسەر شارەوانییە کوردییەکاندا.
  • دەستبەسەرکردنی ٢٠١٤ کەس کە ١٠٨ یان منداڵن.
  • ٣٠٨ کەس زیندانی کراون کە ٨ یان منداڵە.
  • ١٢ کەس سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
  • ٩٧٢ جار هەڵکوتێنراوەتەو سەر ماڵ و جێگەی کارکردن.
  • ١٧٨ دۆسییەی لێپرسینەوە بە پاساوی ئازادی ڕادەربرین لەدژی ٦٠ کەس کراوەتەوە.
  • ٢٠ دۆسییەی دیکە بە پاساوی جۆربەجۆر لە دژی ١٠٨ کەس کراوەتەوە.
  • ٢٣ دۆسییەی دیکە لە دژی ٩٣ کراوەتەوە کە ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەداریشییان تێدایە و سزای زیندانیکردن و پارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

پێشلکردنی مافی زیندانیکراوان

  • ١٠٩ زیندانی بە زۆرەملێ گواستراونەتەوە بۆ زیندانی دیکە
  • ١٢٥ زیندانی مافی تەندرووستییان پێشل کراوە.
  • ٧٤ زیندانی بە هۆکاری جیاواز لێپرسینەوەیان بەرانبەر کراوە.
  • ٤٠ زیندانی سزای دیسپلینیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
  • ٢٢ زیندانی گۆشەگیرییان بەسەردا سەپێندراوە.
  • ٣٢ زیندانی کاتی بەردانیان دواخراوە.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی لقی ئامەدی ئیهەدە، ئەرجان یڵماز قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا هیوادارن ئاشتی بێتەئاراوە و گوتی: "ساڵانێکە 'پرسی کورد' بووە بە هۆکاری ئەنجامدانی هێرش و پێشلکاری سەختی مافەکانی مرۆڤ. بە هیچ شێوەیەک بوونی گەلی کورد قبوڵ نەدەکرا. بەهۆکاری نکۆڵیکردن، پرسی کورد هاتووەتە ئاراوە. لە ٢٧ی شوباتدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازییەکی مەزنی کرد بۆ هێنانەئارای ئاشتی. بۆیە بە هیواین ڕاپۆرتەکەمان ببێتە هۆکاری هاتنەئارای ئاشتی."

پێشلکردنی مافە بنەڕەتییەکان

سکرتێری لقی ئامەدی ئیهەدە، عومەر سامان درێژەی بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە دا، سامان ئاشکرای کرد لە شارەکانی باکووری کوردستان بە ئەنقەست سێ هاوڵاتی کوژراون و چواری دیکەش بریندار کراوە. هەروەها سامان دەستنیشانی کرد لە گرتووخانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان ١١ زیندانی بە بانگەشەی "خۆکووژی" گیانیان لەدەستداوە.

'٥٢ ژن کوژراون'

لە بەردەوامی قسەکانییدا عومەر سامان ئاماژەی بەوەدا سێ لە ئەندامانی پارتە سیاسییەکان کوژراون، هەروەها لە تەقینەوەیەکدا سێ کەس گیانیان لە دەستداوە کە یەک لەوانە منداڵ بووە. هەروەها ٥٢ ژنیش کوژراون.

لە کۆتای قسەکانییدا عومەر سامان سەرنجی خستەسەر توندووتیژییەکانی دژ بە منداڵان و ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییدا ١٤ منداڵ کوژراون.