بە دیمەن

دایکی دوو شەهید؛ ئێمە لێرەین و هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین

دایە هاجەر دایکی دوو شەهید لە بەرەی پێشەوەی بەرخۆدانی بەنداوی تشرینە و گوتی: "ئەم بەرخۆدانە بەرخۆدانی یەک بنەماڵە نییە، بەرخۆدانی هەموو گەلانە. ئێمە لێرەین وهەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین."

نزیکە چوار مانگە لە بەنداوی تشرین بێپچڕان شەڕێکی مان و نەمان بەڕێوەدەچێت. لە بەنداوی تشرین شەڕڤانای یەپەژە و قەسەدە لە بەرانبەر چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا (SNA) و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرخۆدان دەکەن، گەلی بەرخۆدەر و خاوەن ئیرادە ئێشکگری دەگرن. چوار مانگە گەلانی باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا کاروان بە کاروان بەرەو بەنداوی تشرین بە ڕێدەکەون و لەوێدا ئێشکگری دەگرن. گەل و شەڕڤانان پێکەوە چوار مانگە لە تێکۆشان بەردەوامن.

دایە هاجەر تەمەنی ٥٥ ساڵە لە سەرەتاوە لە ناو بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا جێی گرتووە. دایکی دوو شەهید هاجەر پێشتر ٢ جار بەشداری ئێشکگری بەنداوەکە بووە. دایکە هاجەر ئەم بەرخۆدانە وەک تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێناسە دەکات.

'نەک چوار مانگ چوار ساڵیش تێپەڕێت بەنداوەکەمان چۆڵ ناکەین'

دایە هاجەر بە پێداگری و ئیرادەیەکی مەزنەوە ئاماژەی بەوەدا دەبێت هەموو جیهان بزانێت گەلی کورد کێیە و لە چ ئاستێکدایە و گوتی: "ئیدی کوشتن تاڵانکاری و زۆرداری بەسە. هێرشمان نەکردۆتە سەر کەس، بەڵام ڕۆژانە دووژمن ناچارمان دەکات کۆچ بکەین. ئێمە هەین، خاوەندارێتی لە بەنداوەکەمان دەکەین، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانمان دەکەین."

لە کۆتایی قسەکانییدا دایکە هاجەر ئاماژەی بەوەشکرد ئەم بەرخۆدانە بە سەرکەوتن تاجدار دەکەن و گوتی: "ئەمڕۆ ئەم گەلە خاوەنی یەپەژە و قەسەدەیە. بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ چاوەکانمان کرایەوە، لەبەر ئەمەش دەست لە دۆزەکەمان هەڵناگرین. لەگەڵ ئەوەی دەوڵەت خاوەندارێتی لە قسەی خۆی ناکات و شەڕ ڕاناگرێت، ئێمەش دەڵێین بە شەهید کردن کۆتاییمان نایەت. ئێمە هەین و هەر دەبین."