بە دیمەن

ڕابەر ڕەشید: ئۆجالان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و ئاشتەواییدا بووە

پێشمەرگەی دێرین لە باشووری کوردستان ڕابەر ڕەشید ئاماژەی بە گرنگی پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: "هەمیشە ئۆجالان لەگەڵ ئاشتی و ئاشتەواییدا بووە، نەک تەنها لە باکوری کوردستان بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان."

لە ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەرئاپۆ و سێ زیندانی دیکەی ئیمراڵی دیداریان ئەنجامدا و پاشان شاندەکە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆیان خوێندەوە و بەپێی ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ڕێبەر ئاپۆ قۆناغی سیاسیی، یاسایی و دیموکراسیی دەستپێکرد و بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی بڵاوکردەوە, هاوکات پەکەکە بەدەم بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە چوو و بڕیاری ئاگربەستی دا،  بەڵام لەو ڕۆژەوەی، کە پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە،هەتا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک هيرشەکانی بۆ سەر هەێمەکانی گەریلا زیاتر کردووە، لە کاتێکدا، کە دەبوو ئاگربەستی ڕابگەیاندایە.

پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ، کاردانەوەی زۆری ناوخۆی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناو لەو بارەیەوە، ڕابەر ڕەشید، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی، بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەسەرکەوتووی جێبەجێ بكرێت و پێچەوانە نەبێتەوە، پێویستە دەوڵەتی تورک واز لە سیاسەتی کۆنی خۆیی بهێنێت بۆسەر گەریلا و بەرەو پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک هەنگاو بنێت.

'ئەردۆغان لە پرسی ئاشتەوایی و دابینکردنی مافی کورد ڕاستگۆ نیە'

ڕابەر ڕەشید، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لە سەرەتای قسەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجالان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووە و هێزێک بووە بۆ ئاشتی و وتی: "پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان، ئەمە یەکەم جار نییە، بەڵکو لە  ساڵی ٢٠١٣دا جارێکی دیکە، پەیامێکی هاوشێوەی ڕاگەیاند، بۆ ئاشتەوایی، هەمیشە ئۆجالان لەگەڵ ئاشتی و ئاشتەوایی بووە، نەک تەنها لە باکوری کوردستان بەڵکو بۆ سەرتاسەری کوردستان، هەمیشەش سەرقاڵی ئەوە بووە کە چۆن بە ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات، سەبارەت بەو پەیامەش، هەڵبەت تورکیا هەتا بۆی بکرێت نایەتە ژێر باری ئەوەی کە بە ڕێگای ئاشتییەوە پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکات، چونکە تا ئێستا وەک دەبینین سەرەڕای ئەو پەیامە گرنگ و پڕبایەی بەڕێز ئۆجەلان، کەچی تا ئێستا سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان درێژە بە چالاکییە سەربازییەکانی داوە، تائێستاش لە ئاستی پرسی کورد هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە، تەنها ئەو شاندانە نەبێت کە هاتووچۆی ئیمڕاڵی ئەکەن و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دائەنیشن، تائیستا ڕاگۆڕینەوەیە، پێم وانییە تورک یاخود بە تایبەتیش ئەردۆگان لە پرسی ئاشتەوایی و دابینکردنی مافی کورد لە تورکیا ڕاستگۆ بێت".

'بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی ئاشتی هەیە'

ڕابەر ڕەشید سەرنجی بۆ پڕۆسەی ئاشتی ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسەیە بە باشی لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت و پێویستە تورکیاش هەنگاوی ئەرێنی بنرێت و گووتی: "بەدڵنیاییەوە دیارە بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی ئاشتی هەیە ئەگەرنا ئاشتەوایەکە کۆتایی پێ ئەهات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک دەبینین تائێستا تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ڕایبگەیەنێت کە تائێستاش پەکەکە وەکو بزووتنەوەیەکی چەکداری شۆڕشگێڕ بە تیرۆریست ناو دەبات، هەڵبەتە دیارە بەرەوپێشچوونێک هەیە لە بابەتی پرۆسەی ئاشتی، بۆیە لەوانەیە جارێکی دیکەش دوای سەردانی دووەمی شاندی دانوستکار هاتوچۆی ئیمیرالی بکەن بۆئەوەی ڕاو ڕاگۆڕینەوە ڕووبدات، مەسەلەی سەردانی دووەمی شاندی ئیمڕاڵی لەوانەیە جاری سێیەم و چوارەمیشی بەدوای بێت، چونکە ئەمە هەروا شتێکی ئاسایی نییە کە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان ئەڵێ کە پەکەکە چەک دابنێت یان خۆی خۆی هەڵوەشێنێتەوە، دیارە وەکو بەڕێز موراد قەرەیلان باسی کرد، گەریلاکانی ئەوان کارمەند یاخود فەرمانبەری فەرمانگەیەک نین کە مووچەیان نەمینێت ئەوە کۆتایی بە پرسەکەیان بێنن، بەڵکو ئەوانە کەسانێکی شۆڕشگێڕن ئەبێت لەسەر ئاستێکی فراوان باوەڕ بە هەموویان بهێنرێت و هەروەها داواکاری پەکەکە وەکو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی چەکداری ئەوەیە کە بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت ئینجا ئەوان "پەکەکە" زیاتر بێنە ناو پرۆسەی ئاشتی و بڕیار لەسەر ئەو هەنگاوەی خۆیان بدەن."

'دەبێت کوردیش ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا هەبێت'

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕابەر ڕەشید، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین ڕایگەیاند کە دەبێت کورد ڕۆڵی هەبێت لەو گۆڕانکاریانەی کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لێوە دەکرێت و وتی: "بەدڵنیاییەوە ئەو گۆڕانکارییانەی کە ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس دەکرێت کە گۆڕانکارییەکی سەرتاسەری لە زۆربەی وڵاتان ڕوودەدات، کوردیش کە تاکە نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕی ناوچەکەیە و پارچە پارچە کراوە ڕۆڵی خۆی دەبێت لە ناوچەکەدا، بۆیە ڕاگەیاندنە جیهانییەکان گرنگییەکی زۆریان دایە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان یاخود بگرە وڵاتە زلهێزەکان لەناو دۆخەکەدان هەروەها تیشک دەخەنە سەر ئەو خاڵە بنچینانەی کە لەناو دۆخەکەدا هەیە".