ئینستیوتی کورد: نەورۆز دەسپێکی سەربەخۆیی و ئازادییە

بەڕێوەبەری ئینستیوتی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە و زانست لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدان و سەرکەوتنە و گوتی: "نەورۆز دەسپێکی سەربەخۆیی و ئازادیە. نەورۆزی ٢٠٢٤ ی گەلە بەرخۆدەرەکەمان پیرۆز بێت!".

بەڕێوەبەری ئینستیوتی کوردی بۆ لێکۆڵینەوە و زانست لە ئەڵمانیا بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو نەورۆزی پیرۆز کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر بەها و گرنگییەکانی نەورۆز لە مێژووی گەلی کورد وەک سیمبولی بەرخۆدان و سەرکەوتن.

هەروەها تیشکخراوەتە سەر هەوڵی دەوڵەتانی ستەمکار بۆ سەرکوتکردنی بەرخۆدانی گەلی کورد، بەتایبەت لە باکووری کوردستان، داگیرکەر هەوڵیدا لە گیانی بەرخۆدان لە زیندانی ئامەد بشکێنێت، دەڵێت: "مەزڵوم دۆغان لەپێناو پووچەڵکردنەوەی هێرش و هەڕەشەکانی کوشتن، ڕۆژی ٢١ ی ئاداری ١٩٨٢ بە سێ شقارتە جەستەی خۆی کردە ئاگری نەورۆز. ئەم تروسکەی بەرخۆدانە لە سەرانسەری وڵات گیانی بەرخۆدانی بەهێزتر کرد".

ڕاگەیاندراوەکە باس لەوە دەکات ٢١ ی ئادار لە کۆبوونەوەی گشتی یەکێتی نەتەوەکان لە ساڵی ١٩٦٦ وەک "ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی نەژادپەرستی و جیاکاری" پەسەندکراوە و لەکۆتاییدا دەڵێت: "بەڵێ، نەورۆز بەرخۆدانە، نەورۆز ئاگرە، نەورۆز دەسپێکی سەربەخۆیی و ئازادیە. نەرۆزی ٢٠٢٤ ی گەلە بەرخۆدەرەکەمان پیرۆز بێت!".